٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەت لە زوممار کەوتەوە کار.. كارەبای لە بەنداوی مووسڵەوە بۆ دابین كرا

سەرچاوە: KDP.info

زوممار- تایبەت بە KDP.info- پاش ئەوەی شارەدێی زوممار بە تەواوی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە لە تیرۆریستانی داعش پاك كرایەوە، ئەمڕۆ دامودەستگاكانی حكوومەت لەو شارە دەستیان بە كارەكانیان كردەوە و، كارەبایش پاش دوو مانگ پچڕان، كەوتەوە كار.

بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار (موزاحم سەعدوون)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر ناحیەی زومماردا گرت، زۆربەی دامودەستگاكانی حكوومەتیان تێك دا، بۆیە پاش ئازادكردنی زوممار لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەكانەوە، ئێمەیش كارمان لە فەرمانگەكان و دامودەستگاكانی حكوومەت دەست پێ كرد بۆ ئەوەی زوو بكەونەوە خزمەت هاوووڵاتیان و خۆشبەختانە ئێستا دەستمان بە دەوامی ئاسایی خۆمان كردووەتەوە".

(موزاحم) دەربارەی كارەبای ئەو سنوورە كە ماوەی 2 مانگە پچڕاوە گوتی، ئەمڕۆ كارەبا لە بەنداوی مووسڵەوە پاش ئەوەی دوێنێ كارەكانی تەواو كرا، دەكەوێتەوە كار كە نزیكەی 20 مێگاوات كارەبایە.

سەبارەت بە رەوشی زومماریش، بەڕێوەبەری ئەو شارەدێیە ڕوونی كردەوە، رەوشی زوممار ئارامە و هێزەكانی پێشمەرگەیش بەوپەڕی ورەبەرزییەوە لە سەنگەرەكانن بۆئارامی زوممار و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی تیرۆریستانی داعش لەو سنوورە.

شارەدێی زوممار كە دانیشتووانەكەی نزیكەی 50 هەزار كەسە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای پارێزگای مووسڵ لە دووریی 60كم، رۆژی 26-ی مانگی رابردوویش هێزەكانی پێشمەرگە لە تیرۆریستانی داعش پاكیان كردەوە.
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار