٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژەنەڕاڵ دێمبسی: هاتووم گوێ لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆك بارزانی بگرم.. پێداویستییەكانی پێشمەرگە بە جیددی وەردەگرین و كار بۆ دابینكردنی دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ڕاگەیاند، هێزە هاوپەیمانەكان هەموو تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان و پێداویستییەكانی پێشمەرگە بە جیددی وەردەگرن و كار بۆ دابینكردنی دەكەن. لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) دووپاتی كردەوە كە، "هەموو قوربانییەك دەدەین بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە وڵاتی خۆمان وەدەر بنێین و هەموو بستێكی كوردستان لە چنگی تیرۆریستان ئازاد دەكەین."

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە شاری هەولێر، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ژەنەڕاڵ (مارتین دێمبسی) و شاندێكی یاوەری كرد كە لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق(ستیوارت جۆنز) و ژمارەیەك پلەدار و ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی سوپای ئەمەریكا پێك هاتبوون.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم(مەسروور بارزانی) و  وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەیدقادر) و وەزیری ناوخۆ(كەریم شنگالی) و (فەریق شێروان و جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بەوەی، كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان بە باشی بەڕێوە دەچێت و جەختیشی كردەوە كە، هێزە هاوپەیمانەكان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و مەشقپێكردنیان و هەروەها وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە تیرۆریستان لە هەر شوێنێك كە پێویست بكات.
سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و پێزانینی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا هەبوو و، سەرەخۆشیشی لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا شەهید بوونە و، گیانی خۆیان بەخت كردووە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ئەوەی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی و هێزە هاوپەیمانەكان لە شەڕی دژی داعشدا پشت بە ستراتیژییەكی هەمەلایەنەی ڕوون دەبەستێت.
سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ڕایگەیاند كە، ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ هەولێر لە نزیكەوە ئاگاداربوونە لە بارودۆخی مەیدانی و هەروەها گوێگرتنە لە پێشنیاز و ئامۆژگاری و بۆچوونەكانی (سەرۆك بارزانی) لەبارەی چۆنیەتیی بەردەوامبوون لە لێدان و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئەوەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە هێزە هاوپەیمانەكان هەموو تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان و پێداویستییەكانی پێشمەرگە بە جیددی وەردەگرن و كار بۆ دابینكردنی دەكەن.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی ژەنەڕاڵ (مارتین دێمبسی) و شاندی یاوەری كرد و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ پاڵپشتی و ڕۆڵی ئەمەریكا و هاوپەیمانان دووپات كردەوە كە، هاوكارییەكانیان لە شەڕی دژی داعش كاریگەر بووە.
(سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا، بە وردی تیشكی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و باسی لە چۆنیەتیی تێكشكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە كرد و، ئاماژەی دا، سەرباری ئەوەی هێزی پێشمەرگە ئابڵۆقەی لەسەر بوو، بە ئیمكانیاتێكی كەم توانی هێرشی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ڕابگرێت كە چەكی پێشكەوتوو و ئیمكانیاتی دوو دەوڵەتی كەوتبوو دەست.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگە زۆر خێرا توانی هێرشی داعش ڕابگرێ و، خۆی بكەوێتە هەڵوێستی هێرشبردن و لە زۆر شوێن تێكیان بشكێنن. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە، "هەموو قوربانییەك دەدەین بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە وڵاتی خۆمان وەدەر بنێین و هەموو بستێكی كوردستان لە چنگی تیرۆریستان ئازاد دەكەین."
لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا كە "شەڕی تیرۆر تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە، بەڵكو پێویستە لە ڕووی فیكری و سیاسی و ئابوورییشەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە." بە پێویستیشی زانی كە، هیچ پەناگەیەك نابێ لە عێراق و سووریا و هیچ شوێنێكی دی بۆ تیرۆریستان بمێنێت. (سەرۆك بارزانی) دەستخۆشیشی لە هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە تا ئێستا تەنانەت یەك شوێنی مەدەنییش نەكراوەتە ئامانج و هەماهەنگی و هێرشەكان بە پلانی ڕێكوپێك بەڕێوە دەچێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیە چۆنیەتیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق خرایە بەر باس و، هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە جیددی بێت و ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی بارودۆخی كۆبانێ و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی كرا، هەردوولا جەختیان لەسەر پاراستنی كۆبانی و پاڵپشتیكردنی ئەو هێزەی پێشمەرگە كردەوە كە ئێستا لە كۆبانی بەشداری شەڕی دژی داعشن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار