٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتیی سەوزی ئەڵمانیا: پێشمەرگە تاكەهێزە لە رۆژهەڵاتی ناویندا دژی تیرۆر دەجەنگێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هاوپەیمانانی پارتییە سەوزەكانی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە هەولێر رایانگەیاند، هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە، گرینگی و بایەخ بە مافی مرۆڤ دەدات و ئەو هەنگاوەیان بە جێگەی دەستخۆشی و بایەخی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا ناو برد.

شاندێكی هاوپەیمانانی پارتییە سەوزەكانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە سەرۆكایەتیی (سیم ئۆدمیر) و (تۆم كۆینگس)، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی دیكەی یاوەریان، ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئاساییش و مرۆیی و شەڕ دژی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ هەرێم هاتوون.

شاندەكە لە هەولێرەوە، پشتگیریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم لە شەڕی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەربڕی و، دەستخۆشییان لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم كرد بۆ بونیادنان و پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان كە، بۆ گشت پێكهاتەكانی هەرێم كردوویانە.
ئەو شاندە دەڵێن، هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە، گرینگی و بایەخ بە مافی مرۆڤ دەدات و ئەو هەنگاوەیان بە جێگەی دەستخۆشی و بایەخی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا ناو برد و، دووپاتیان كردەوە كە، ئامانجی سەردانەكەیان پیشاندانی هاوسۆزی و پشتگیرییە بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم.
"لە رۆژهەڵاتی ناویندا پێشمەرگە تاكەهێزە كەوا دژی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەجەنگێ، ئەڵمانیا پاڵپشتی لە حكوومەت و خەڵكی كوردستان دەكات، ئامادەین بۆ دابینكردنی هەر جۆرە پێداویستییەكی مرۆیی و سەربازی"، ئەندامانی شاندەكە، وایان گوت.
گوتەی ئەو شاندە لە میانەی دیداریان لەگەڵ، بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هات، لە بەرانبەر هەڵوێستی ئەو شاندە بۆ هەرێمی كوردستان، (فەلاح مستەفا) دەستخۆشی لە ڕۆڵی دەوڵەتی ئەڵمانیا بە تایبەتی بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕووی سەربازییەوە كرد.
(مستەفا) رایگەیاند، "سوپاسی گەل و حكوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەكەین بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە بۆ پشتگیریكردنی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم، كە هاوكاریی سەربازییان پێشكەش بە هێزەكانی پێشمەرگە كرد، هاوكاریی مرۆییان بە ئاوارەكانی ناوخۆ و سووریا لە هەرێمی كوردستان، گەیاند. هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوكاریی سەربازی زیێتر هەیە وەك چەكی قورس و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی سەربازی و خولی مەشق و راهێنان".
(فەلاح مستەفا)، لە دیدارەكەدا باسی لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و، تیشكی خستە سەر كێشەكانی نەوت و گاز و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هێزی پێشمەرگە و سەربەخۆیی ئابووری و، تێڕوانین و سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی بۆ شاندی میوان روون كردەوە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا، جەخت لە پتەوكردنی پێوەندیی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا كرایەوە، لەگەڵ سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزاریی وڵاتی ئەڵمانیا لە پەرەپێدانی بواری ئابووری، بازرگانی و كولتووری. هاوكات شاندی میوان بەڵێنیان دا كە بەردەوام بن لە پشتگیریكردن و پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی و سەربازی بە هەرێمی كوردستان و، هەروەها گوتیان كار لەسەر ئەو داواكاریانەی هەرێمی كوردستان دەكەن.

شاو كوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار