هیچ كەسێك بۆ لێكۆڵینەوە لەو فڕۆكە ڕووسیاییەی چەكی هەڵگرتبوو، بانگهێشت نەكراوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەسەر فڕۆكە ڕووسیاییەكەی چەكی هەڵگرتبوو، هەردوو فڕۆكەخانەی بەغدا و سلێمانی بە نووسراوی فەرمی بانگهێشتی پەرلەمان كراون، لە بەرانبەردا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی باس لەوە دەكات كە، تاوەكو ئێستا ئاگادار نەكراونەتەوە كە بۆ پەرلەمان بانگهێشت كرابن.
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی (تاهیر عەبدوڵڵا)، بە kdp.info-ی راگەیاند، تاوەكو ئێستا بە هیچ شێوەیەك لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ئاگادار نەكراونەتەوە كە بۆ پەرلەمان بانگهێشت كرابن و هەر كاتێكیش بانگهێشت بكرێن، ئامادە دەبن، بەڵام ناكرێت پەرلەمانتار لەخۆیەوە لێدوان بدات و رای ئەو نابێتە بڕیار.
لەلایەكی دیكەیشەوە، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بۆ kdp.info گوتی، "بە هیچ شێوەیەك بڕیار نەدراوە هیچ كەسێك جارێ بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت، چونكە بڕیار بوو ئەمڕۆ لیژنەكەی ئێمە دانیشتن بكات، بەڵام بۆ سبەی دوا خرا و بڕیارە سبەی كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەم بارەیەوە ئەنجام بدەن، ئەوكات دیار دەبێت چی دەكەین و چ كەسێك بانگهێشت دەكرێت".
(شاخەوان) راشیگەیاند، "لە رۆژی 13/11/2014-دا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی لیژنەكەمان و دوو ئەندامی دیكە و بەندە بۆ لێكۆڵینەوە لەو فڕۆكە ڕووسیاییەی كە لە ڕووسیاوە هاتبوو و بەنیاز بوو لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دابەزێت، بەڵام رێگری لێ كرابوو و دواتر چووبووە فڕۆكەخانەی بەغدا نیشتبوو بۆ تێكردنی بەنزین و بە بڕیاری سەرۆكوەزیران پشكندرابوو".
گوتیشی كە، ئەو فڕۆكەیە بە بەهای ملیۆنێك و 500 هەزار دۆلار چەكی بار كردبوو و چەندین جۆری چەكیشی تێدا بوو، لەوانە بیكەیسی و ئارپێجی و چەكی بچووك و مامناوەند.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر ڕوونی كردەوە، باس لەوە دەكرێت كە ئەو چەكەی بۆ سلێمانی هێناوە بۆ هەندێك كەس و دەشڵێت گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە روونكردنەوەی نەداوە، چونكە ئەگەر چەكی ئەوان بووایە رێگرییان لێ نەدەكرد لە سلێمانی بنیشێتەوە.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاماژەیشی دا كە، "ئێمە ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی ئەو كەسانە دیاری بكەین و بزانین كێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكەین".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق (ماجد غەراوی)، بە "سۆمەریە نیوز"ـی راگەیاندووە، دوو نووسراوی فەرمییان ئاڕاستەی هەردوو فڕۆكەخانەی بەغدا و سلێمانی كردووە لە پەرلەمان ئامادە بن بۆ ئاشكراكردنی زانیاری لەبارەی ئەو فڕۆكە ڕووسیاییەی چەكی هەڵگرتبوو كە بەنیاز بوو لە سلێمانی بیشێتەوە و دواتر لە بەغدا دەستی بەسەردا گیرابوو.
بڵند ئیبراهیم




