٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

61 حیزبی كوردی لە هەولێر كۆ بوونەوە.. بۆ یەكگوتاریی كورد هاوڕان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە، نوێنەری 61 حیزبی كوردی، لە هەر چوار پارچەی كوردستان، لە هەولێر كۆ بوونەوە و جەختیان لە یەكڕیزی و یەكگوتاریی سیاسیی كورد كرد و، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەم یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییە دەربڕی كە، ئەمڕۆ لە نێو كوردستانیاندا دەبینرێت.

بە مەبەستی نزیكبوونەوە و یەكخستنی نێوماڵی كوردستانی و هەوڵەكان بۆ یەكگرتوویی گشت پارتی و لایەنە سیاسییەكان لە هەرچوار پارچەی كوردستان، ئەمڕۆ لە بارەگای لقی دووی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقی دوو، نوێنەر و سكرتێری (61) پارتی و لایەنی هەر چوارپارچەی كوردستان، كۆبوونەوەیەكیان ساز كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا، بەرپرسی لقی دوو بە ناوی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە بەخێرهاتنی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستانی كرد و، جەختی كردەوە كە، "هەر لایەنێكی سیاسیی كوردستان لە هەر پارچەیەكدا رۆڵ و كاریگەریی خۆی هەیە و، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە خەباتی سیاسیی هەر حزبێك بە رێزەوە سەیر دەكەین".

پاشان بەرپرسی لقی دوو ئەم كۆبوونەوانەی لەم قۆناخەدا بە گرینگ بۆ گەلی كوردستان لە یەكڕیزیی نەتەوەیی و نیشتمانی ناو برد و، داوای لە هەموو لایەك بوو كە ئەم كۆبوونەوانە فراوانتر بكرێن و، هەوڵ بدرێت لەسەر ئاستی كوردستان ئەم كۆبونەوانە بەڕێوە بچن، بەم شێوەیەیش زیاتر كاریگەریی خۆی دەبێت.

هاوكات باس لە رەوشی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە كرا و، پرسی هاوكاریی پەنابەران لە هەرێمی كوردستانیش، تیشكیان خرایە سەر، پاشان هەریەك لە حیزب و لایەنەكان روئیای خۆیان لەسەر چەند پرسێكی تایبەتمەند بۆ ئاییندەی هەرێم و هەر پارچەیەكی دی، لە هەماهەنگی زیاتر بۆ هاوكاری دارایی پەنابەران لە هەر شوێنێك بێت دەربڕی و ئاماژەیان بە گرینگیدان بە پرسی كۆنگرەی نەتەوەیی و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كرد.

دواتر ئاهەنگێكی نیشتمانی دوور لە ئاڵای حزب، بەڕێوە چوو، لایەنە سیاسییەكانیش خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەم یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییە دەربڕی كە، ئەمڕۆ لە نێو كوردستانیاندا دەبینرێت، لە پێناو هەوڵەكانی یەكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی.

هەروەها جەخیان كردەوە كە، ئەمڕۆ گەلی كوردستان لە هەموو قۆناخێك زیاتر پێویستی بە یەكگرتوویی و پێكەوەكاركردنی هاوبەش هەیە بۆ پاراستن و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو مەترسیانەی تیرۆریستانی داعش هەیانە لەسەر هەر پارچەیەكی كوردستاندا، لەم رووەوە تەواوی حزب و لایەنەكان هاودەنگ و هاوڕا بوون لەسەر هەموو پرسە سیاسییەكان كە یەكگوتاری و یەكڕیزیی خۆیان بپارێزن و ئومێدیان خواست ئەم قۆناخە، قۆناخی لادانی ستەم بێت لەسەر تەواوی كوردستان لە هەر پارچەیەكدا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار