نێردەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا: كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی دەكەین

هەولێر-KDP.INFO-ئەمڕۆ نێردەی تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا خاتوو (بارۆنێس ئێما نیكلسن)، لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ هەولێر رایگەیاند، سەنتەرێكی تەندروستی لە كەمپی خانكێی شاری دهۆك، بۆ ئاوارەكان دەكەنەوە، هاوكات كاریش لەسەر بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەكەن.
بەرپرسانی بەریتانیا لە سەردانیان بۆ هەولێر، بەردەوامن و ئەمڕۆیش خاتوو (بارۆنێس ئێما نیكلسن)، وێڕای ئەوەی نێردەی تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیایە بۆ كاروباری بازرگانی، سەرۆكی دامەزراوەی ئەمماری خێرخوازیی نێودەوڵەتییشە، لە هەولێرە.
خاتوو (بارۆنێس ئێما نیكلسن)، ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان، ئاشكرا كرد كە لە ئێستادا، لە قۆناخی كۆتایی دروستكردنی سەنتەرێكی تەندروستین لە كەمپی خانكێ لە شاری دهۆك و، جگە لەو كارانەی كە لە ناوچەكانی تری خوارووی عێراق ئەنجامیان داوە، نیازی ئەنجامدانی بەرنامەی خوێندنی خێران بۆ ئاوارەكان و هەوڵ دەدەن سوود لەو مامۆستایانە وەربگرن كە، دانیشتووی كەمپەكانن، ئەمەیشی بە ڕەخساندنی دەرفەتی كار و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان، ناو بردووە. هەروەها بەنیازیشە، ژمارەیەك كەلوپەلی زستانە بۆ ئاوارەكان دابین بكات.
ئەم خاتوونە لە میانەی دیدارێكی ئەمڕۆی لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دڵگرانیی خۆی بەرانبەر كارە قێزەونەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش خستووەتە ڕوو كە، كرداری جینۆسایدی بەرانبەر بە كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دی ئەنجام داوە و، رایگەیاندووە كە لە نزیكەوە، كار دەكات لەسەر پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییەوە.
جێی ئاماژیە، بەریتانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و، هەروەها لە پێشكەشكردنی بەرنامەی مرۆییش بۆ ئاوارەكان، پشتگیریی هەرێمی كوردستان دەكات كە، بەپێی دوایەمین ئاماری نافەرمی ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، 2 ملیۆنی تێپەڕ كردووە و زۆرترین ژمارەیەیش لە پارێزگای دهۆك، نیشتەجێ كراون.
شاو كوردی




