لە ترسی پێشمەرگە، داعش لەناو سەعدییە و جەلەولا سەنگەر لێ دەدەن

جەلەولا-تایبەت بە KDP.info- تیرۆریستانی داعش لە ناحیەی جەلەولا و سەعدییە، دوای بینین و بیستنی سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە گشت میحوەرەكان، لە ئێستادا لەو سنوورە شڵەژاون و نازانن چۆن خۆیان بپارێزن.
بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا (كامەران حەمەجان)، بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، تیرۆریستانی داعش لەناو ناحیەی جەلەولا و سەعدییە شڵەژاون و ترسیان لێ نیشتووە، بۆیە دەستیان بە لێدانی سەنگەر لەناو هەردوو ناحیەكە كردووە و شوێنەكانیش مینڕێژ دەكەن كە زۆر جار بە خۆیاندا دەتەقنەوە، ئەمەیش پاش ئەوە دێت كە تیرۆریستانی داعش هەموو ئەو سەركەوتن و پێشڕەویانەی هێزەكانی پێشمەرگە دەبینن لە هەموو میحوەرەكان و لە بەرانبەریشدا رۆژانە شكستەكانی خۆیان لە بەرچاوە كە كوژراو و بریندارێكی زۆریان هەیە.
(كامەران) گوتیشی، داعش چەندان كەسیان لە نێوخۆیان گولـلەباران كردوون، ئەمەیش بە هۆی ئەوەوە بووە كە گوایە ئەو كەسانە دەربارەی كارەكانیان لەو سنوورە هاوكاری و زانیارییان داوەتە هێزەكانی پێشمەرگە.
بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا زیاتر ڕوونی كردەوە، هێزەكانی پێشمەرگە بەوپەڕی ورەبەرزییەوە لە سەنگەرەكان لە ئامادەباشیی تەواودان.
نەشوان بەرزنجی




