٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرەیدوون جوانڕۆیی: پێمان باشە گۆڕانکاری لە سەرجەم ناوەندەکانی حزبدا بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، باس لە گۆڕانکاری لە لقەکاندا دەکات و، ئەوەیش دەخاتە کە ڕوو بەو پێیەی ئەم ئاڵوگۆڕانە نەفەسێکی باش دەداتە کادیران، پێیان باشە گۆڕانکاری لە سەرجەم ناوەندەکانی حزبدا بکرێت.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی (فەرەیدوون جوانڕۆیی)، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پارتی لە لقەکانی سلێمانیدا، لە لێدوانێکدا بۆ KDP.info گوتی، "گۆڕانکاری لەناو پارتیدا شتێکی زۆر ئاساییە، هەموو جار خەڵک دەزانێت ئێمە لە کوێ بووین و چووینەتە کوێ، من چەندین جار ئاڵوگۆڕم پێ کراوە و بەرپرسیارەتیی جۆراوجۆرم بینیوە، هەر گۆڕانکاریەکی تازەیش نەفەسێک دەداتە ئەو برادەرەی کە لە لقێکەوە دەڕواتە لقێکی دیکە، بۆ ئەوەی بە گوڕوتینێکی دیکەوە دەست بە کارکردن بکات، ئەوە بە شتێکی باش دەزانین و لە ناوچەکانیش گۆڕانکاری کراوە، لە لقی 12 گۆڕانکاری لە زۆرێکی ناوچەکانی کراوە، لە لقی 4-یش دەستی پێ کردووە و بڕیارە لە لقی 11 ئەو گۆڕانکارییە دەست پێ بکات".

(جوانڕۆیی) هەروەها ئەوەی خستە روو کە، یەکێک لە بایەخەکانی گۆڕانکاری ئەوەیە کە، "سرووشتی کۆنفڕانسەکان وایە تەکەتولات لە خوارەوە دروست دەبێت و گرووپێک لەناو حزب یەک دەگرن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بە دەست بهێنن، کە یەکیان گرت ئەوا دەبێتە تەکەتول جا ئەوەی سەر دەکەوێت، دەکەوێتە ژێر باری منەتی ئەو ناوچەیەی کە دەنگیان پێ داوە و ناتوانێت وەک پێویست ئیجرائات بکات و بەرنامەی حزب جێبەجێ بکات، بۆیە کاتێک ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت ئەو کاتە لە ژێر ئەو منەت و منەتکارییە دەردەچن، بۆیە ئەو گۆڕانکارییە بە گرینگ دەزانین و وەک ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بەرنامەمان هەیە گۆڕانکاری بکەین و لەسەر بەرنامەی خۆیشمان بەردەوامین".

ئاماژەیشی دا کە، گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ جیاوازن، بەڵام ئەوەی پارتی لە سلێمانی ئەنجامی دەدات لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە. گوتیشی، "ئەمە بەرنامەیەکە و گۆڕانکاری نییە بەڵکە ئاڵوگۆڕە، چونکە خۆ تۆ ناتوانیت کادیرێک لە خوارەوە بهێنیت بیکەیتە بەرپرسی لق، بەرپرسانی لق دیارە دەبێت لە چ ئاستێکدا بن، ئێمەیش ئەو کەسانەمان هەڵبژاردووە کە جوڵە دەکەن کاک (فازڵ بەشارەتی) کادیرێکی چالاکە لە پەرلەمان دەوری خۆی بینی، خەڵکی سنوورەکەیە و ماڵی لەوێیە، بۆیە دڵنیاین دەتوانێت جوڵە بکات و ئەوەی کاک (سەعید پشدەری) کردوویەتی، تەواوی بکات کاک (سەعید) خۆیشی کراوەتە بەرپرسی لقی سلێمانی، کە پیاوێکی رۆشنبیرە و لە سلێمانی کاریگەری دەبێت".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕوونیشی کردەوە کە، ئەم ئاڵوگۆڕانە هێشتا ئەوە نییە کە لە ناخی ئەواندا هەیە وەک گۆڕانکاریی گەورە، بەڵام ئەمەیش هەنگاوێکی گرینگە.

دەشڵێت، "ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، بەپێی پێڕۆی ناوخۆی حزب، دەسەڵاتیان هەیە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری بکەن، ئێمە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی ئەوەی دەسەڵات بووە بە کارمان هێناوە، ئەوەیشی پێویست بووە داوامان لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی کردووە و بڕیاری لەسەر دراوە".

(فەرەیدوون جوانڕۆیی) پێی باشە پارتی لە ئاستی حزبدا گۆڕانکاری لە سەرتاسەری کوردستان بکات و گوتی، "بە ڕای ئێمە لە سەرتاسەری کوردستان ئەم ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە بکرێت باشە، چونکە لە سنووری سلێمانی تەنیا لقی 21 دەستمان لێ نەداوە ئەگەرنا بەرپرسی ناوچە و لقەکانی دیگە ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە".
ئەوەیشی خستە ڕوو کە، گۆڕانکاری لە لقی 11 دەکەن و دەرئەنجامێکی باشیش لەو گۆڕانکاریانە بە دەست دەهێنن."

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن (جەعفەر ئێمینکی)، پێشتر ئەوەی بۆ KDP.info ئاشکرا کرد کە، گۆڕانکاری لە لقەکاندا، لقی 12، لقی 11، لقی 21 و لقی 4 دەکرێت و بەرنامەیان بۆ هەولێر و سنووری گەرمیان و بادینانیش هەیە.

(ئیمێنکی) ددانیشی نا بەوەی کە، "گەنجانمان کە دێنە نێو ڕێکخستنەکانمانەوە، یان شوێنی شیاو ناگرن یانیش پەراوێز خراون، ئەمانە دەبێ چارە بکرێن، ڕۆڵی ئافرەتان بە هەمان شێوە زۆر لاوازە، ئامانجیشمان ئەوەیە کە بوار بە گەنجان و ئافرەتان بدرێ تا چالاکییەکانیان لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە پەرە پێ بدەن."


بەکر و کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار