٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەولێر و بەغدا بە نەوتی رەش، نیەتی رێككەوتنیان سپی كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دواجار هەولێر و بەغدا بۆ پرسی نەوت و بودجە، گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ، درەوازەیەكی نوێیان لە گەییشتن بە رێككەوتنێكی چارەنووسساز كردەوە، وەك رۆژنامەی نیۆرك تایمز نووسیویەتی، هەردوولا نەرمییان نواند، یوئێن و ئەمەریكاـیش، پاڵپشتیی خۆیان، بۆ رێككەوتنەكە دووپات كردەوە.

دوێنی لەگەڵ، هاتنی وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی)، رەشەبای توڕەییی نێوان هەرێم و بەغدا كە، بە هۆی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (مالیكی) هەڵكرابوو، لە هەولێر دامڕكایەوە. (عادل عەبدولمەهدی)، نەرمی حكوومەتی عێراقی بە دوای خۆیدا هێنا، وای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەند بێت بە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی كێشەی نەوت و رەوانەكردنی پێشینەیەك، لە بودجەی زەوتكراوی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
بەگوێرەی رێككەوتنامەكەی دوێنێی هەولێر، وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، ڕێككەوتن كە، بگەنە چارەسەرێكی یەكسان و گشتگیر بۆ كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك هەنگاوی یەكەمیش بڕیار درا: حكوومەتی فیدراڵ بڕی (500) ملیۆن دۆلار دەداتە حكوومەتی هەرێم، لە بەرانبەردا، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە بڕی (150) هەزار بەرمیل نەوتی خاو، لە ڕێی حكوومەتی فیدراڵەوە هەناردە دەکات. ئەمە وای كرد حكوومەتی هەرێم بیر لە سەردانی بۆ بەغدا بكاتەوە، چونكە حكوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو، بەبێ رەوانەكردنی پێشینەیەك، بە هیچ جۆرێك سەردانی بەغدا بكات.
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق (فازڵ نەبی) دوێنێ بەKDP.info-ـی راگەیاند، بەغدا هەفتەی داهاتوو 500 ملیۆن دۆلار كە، بەپێی رێکكەوتنی هەولێر واژۆی لەسەر كراوە، رەوانەی هەرێم دەكات. هاوكات لای خۆییشەوە وەزیری داراییی عێراق (هۆشیار زێباری)، دوێنێ بە KDP.infoـی رایگەیاند كە، بەغدا رازی بووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت. دوای ئەو لێدوانانە، لە ئێستادا سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، ئامادەیی هەیە سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا تاوتوو بكات.


بەپێی زانیارییKDP.info، بەغدا بەهۆی كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق، هەروەها وەستانی هەنادرەی نەوتی كەركووك، هانای بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، چونكە بێ رەزامەندیی هەرێم، مەحاڵە بەغدا بتوانێت نەوتی كەركووك هەناردەی دەرەوە بكات.
ئەمجارە بەغدا نەیگوت هەناردەی نەوتی هەرێم پێشێلكاری دەستوورییە، بە پێچەوانەوە بەغدا رازی بوو، هەرێم نەوتی خۆی هەناردە بكات، بە مەرجێك رۆژانە 150 هەزار لە ڕێی حكوومەتی عێراقەوە هەناردە بکرێت، ئەوەی دیکە، كە هەرێم توانای وەبەرهێنانی هەیە، دەتوانێ هەناردەی بكات و بە مافێكی سرووشتیی هەرێمی زانیوە.
بەگوێرەی دوازانیاریی كۆبوونەوەكەی هەفتەی رابردووی پەرلەمانی كوردستان كە، لەنێوان پەرلەمان و حكوومەت ساز درا، لە ئێستادا هەرێم، رۆژانە 320 هەزار بەرمیل هەنادرەی دەرەوە دەكات، بەپێی نەخشەڕێی هەناردەكردنی هەرێمیش بێت، بۆ سەرەتای ساڵ ژمارەكە دەگاتە 500 هەزار و، دواتریش بۆ ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە بەرز دەبێتەوە. ئەو رێككەوتنامەیە لە رۆژنامە جیهانییەكانیش رەنگی داوەتەوە.


رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردووەتەوە، هەولێر و بەغدا بۆ رێككەوتنێكی چارەنووسساز، نەرمییان نواند. لە رۆناژنامەكەدا هاتووە كە، رەوانەكردنی 500 ملیۆن دۆلاری بەغدا بۆ هەرێم، لە ئاست داواكاریی كورددا نییە، هەروەك چۆن رەوانەكردنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمیش لە ئاست داواكاریی بەغدادا نییە، بەڵام ئەمە سەرەتایەكی باشە بۆ ئەوەی رێككەوتنی گەورەتری بە دوادا بێت.
رۆژنامەكە نووسیویەتی، عێراق، لەبەر زۆریی كێشەكانی لە بواری هەناردەی نەوت و وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم و، ترسی لە سەربەخۆییی ئابووریی هەرێم، نەرمی نواند، ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی كەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بەغدا بەڕێوەیە، بە هاوكاریی هەرێم، بتوانێت چارەیەكی بۆ بدۆزێتەوە.
(عادل عەبدولمەهدی) لە یەكەم لێدوانیدا لە بارەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و عێراق دەڵێت، ئەمە پەنابردن بوو بۆ رێگەیەكی دەستووری، تا عێراق و هەرێم، بە رێگەیەكی داداپەروەرانە كێشەكانیان چارەسەر بكەن.


ئەمەریكا نایشارێتەوە كە، ئەوان لە كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بێلایەن بوون، بەڵام پێشوازی لەو رێككەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا، دەكەن. گوتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمەریكا (جین ساكی)، لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا، پێشوازیی وڵاتەكەی بۆ رێككەوتنەكەی هەولێری نێوان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) دەڕبری و، ئەم هەنگاوەی نێوان بەغدا و هەولێری بە ئەرێنی ناو برد، بۆ ئەوەی هەرێم و بەغدا بە رێگەی دادپەروەرانە كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
هەروەها (ساكی) رایگەیاند، "ئەمەریكا خوازیاری رێككەوتنێكی گشتگیری یەكسانە، بۆ ئەوەی لە داهاتی عێراق، هەموو لایەك بە یەكسانی سوود لە نەوت وەربگرن".
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (بان كی مۆن)ـیش، دوای راگەیاندنی رێككەوتنامەی نێوان هەرێم و بەغدا، بەپەلە راگەیاندراوێكی بڵاو كردووەوە، تێیدا، خۆشحاڵیی نەتەوە یەكگرتووەكانی بەو رێككەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا دەربڕی كە، لە چارەكردنی كێشەكانی نێوانیان پەنایان بۆ دەستوور بردووە و، رایشیگەیاند "نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، بەردەوام دەبێت تا زیاتر ئەو پرسە لە نێوان هەرێم و بەغدا بچێتە پێشەوە".


شاو کوردی

هەواڵی پەیوەندیدار