وەزارەتی ناوخۆ، پارێزگار و دوو جێگری بۆ هەڵەبجە دەستنیشان كردوون

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پڕۆژەیاسەیەك بۆ پەرلەمانی كوردستان رەوانە دەكرێت كە تیایدا پارێزگار و دوو جێگری بۆ هەڵەبجە دەستنیشان كردوون.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان (ڤاڵا فەرید)، بە kdp.info-ی راگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، تا ئێستایش هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نەدراوە، بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتیی وەزیری ناوخۆ پێك هێناوە و، ئەمڕۆیش ئەو لیژنەیە سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و، لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەی یاساییدا كۆ بووەوە.
(ڤاڵا فەرید) دەشڵێت، ئەو لیژنەیە پڕۆژەیاسایەكیان ئامادە كردووە كە، تا بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگار و دوو جێگر بۆ هەڵەبجە دەستنیشان بكرێن.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی ڕوونیشی كردەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان هەموویان بەو پێشنیازە رازی بوون و، لیژنەی یاساییش ئامادەیی خۆی پیشان دا كە، كاتێك ئەو پڕۆژەیاسایە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، گفتوگۆی لەسەر دەكەن و پەسەندی دەكەن.
جێی ئاماژەیە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (مینا سامی)، لە لێدوانێكی پێشتریدا بۆ KDP.info، رایگەیاند كە، یەكێتی و گۆڕان، رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی، وابەستەی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە كردووە. جگە لە مەیش، چەندین جارە لایەن سیاسییەكان لە پارێزگای هەڵبەجەیش بە رێككەوتن ناگەن، بە گوێرەی ئەوەی كە پارێزگاكانی هەرێمیش سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ وەك نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران دەیەوێ لە پەرلەمانی كوردستان، هەیكەلی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە دابنێت.
بڵند ئبراهیم




