لە ترسی هێرشی پێشمەرگە، داعش سەربازگەی كەسكی زومماری تەخت كردووە

زوممار-KDP.info- ئەفسەرێكی هێزی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی زوممار رایدەگەیەنێت، لە ترسی هێرشی پێشمەرگە، تیرۆریستانی داعش سەربازگەی كەسكی سنووری زومماریان، تەقاندووەتەوە.
ئەفسەری هێزی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی زوممار رائید (ئەحمەد سوورچی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە سنووری ناحیەی زوممار دەستیان كردووە بە تەقاندنەوەی بیناكانی نێو سەربازگەی كەسك، چونكە ترسیان لە پێشمەرگە هەیە بە زوویی هێرش بكەنە سەر سەربازگەكە و كۆنتڕۆڵی بكەن و سوودی لێ وەربگرن.
رائید (ئەحمەد سوورچی) دەشڵێت، لە ئێوارەوە چەندین باڵاخانەی ئەو سەربازگەیەیان تەقاندووەتەوە و تا كەمێك بەر لە ئێستایش، لە تەقاندنەوەكە بەردەوام بوون، تەنیا ئەو شوێنانەیان هێشتوونەتەوە كە، پێویستیانە لەنێویدا بمێننەوە.
(سوورچی)، ئاماژەیشی دا كە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستیان خستوون، ئەو عەرەبانەی چوونەتە ریزەكانی داعش لەو ناوچانەدا، داوا لە هێزی پێشمەرگە دەكەن لە كاتی هێرشكردن، ئەوان چەكەكانیان فڕێ دەدەن و هەڵدێن، چونكە لە ریزەكانی داعش بێزار بوون.
جێی ئاماژەیە، ناحیەی زوممار لە هێرشێكی گورزوەشێنی ئەو دواییەی هێزەكانی پێشمەرگەدا كۆنتڕۆڵ كرایەوە و، لە ئێستایشدا داعش لە سنووری زوممار ورەیان ڕووخاووە و، پێدەچێت بەو زووانە تەوای ناوچەكە لە هێرشێكی بەرفراوانی پێشمەرگەدا كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




