٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: ئێمە لە بەرانبەر سەركەوتنەکانمان سزا دەدرێین، بەغدایش بۆ شكستەكانی پادداشت دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە پێشوازیی راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی هەنگاریادا  (مەسروور بارزانی) رایگەیاند، "ئێمە لە بەرانبەر ئەو سەركەوتنانەی دژی داعش بە دەستمان هێناوە سزا دەدرێین، لە كاتێكدا بەغدا بۆ شكستەكانی پادداشت دەكرێت". راوێژكارەكەی سەرۆكوەزیرانی هەنگاریایش دەڵێ، "ئێمە ددان بەوەدا دەنێین كە ئێوە لەبری جیهان شەڕ بۆ ئەو بەهایانە دەكەن كە، هەمووان تێیدا هاوبەشین".

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازیی لە گەورەراوێژكاری سەرۆكوەزیرانی هەنگاریا بۆ كاروباری ئاساییشی وزە خاتوو (رێكا سەمەركانی) و باڵیۆزی هەنگاریا لە بەغدا (تیبۆر ساتماری)، كرد.
لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنەكانی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و شەڕی تیرۆریستان و پێویستیی هاوكاری و پشتیوانیی زیاتر لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە كرا.

لە درێژەی دیدارەكەدا، (مەسروور بارزانی) سوپاسی حكوومەتی هەنگاریای كرد بۆ پێشكەشكردنی پشتوانییە سەربازی و مرۆییەكانی بە هەرێمی كوردستان، كە بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆریستانی داعش و، دووپاتی لە پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە كردووە كە، پێویستە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ وەك پابەندیی دەستووری، چەك و پشتیوانی بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات و گوتی، "ئێمە داوای هاوكاری و یارمەتیمان لە عێراق كردووە، بەڵام ئامادەی یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان نین. ئێمە لە بەرانبەر ئەو سەركەوتنانەی دژی داعش بە دەستمان هێناوە سزا دەدرێین، لە كاتێكدا بەغدا بۆ شكستەكانی پاداشت دەكرێت".

لەبارەی پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، لەلای خۆیەوە گەورەراوێژكاری سەرۆكوەزیرانی هەنگاریا بۆ كاروباری ئاساییشی وزە ئاماژەی بەوە دا، كە داعش لە مەیدانی جەنگ لە كوردستان تێك شكاوە و، بە بێ هەوڵەكانی ئێوە خەڵكانی دیكە شتێكی ئەوتۆیان پێ نەدەكرا و گوتی، "ئێمە ددان بەوەدا دەنێین، كە ئێوە لەبری جیهان شەڕ بۆ ئەو بەهایانە دەكەن، كە هەمووان تێیدا هاوبەشین".

لە كۆتایی دیدارەكەی نێوانیاندا دووپات لە پێویستیی رەوانكردنی هاوكاریی سەربازی و یارمەتی بۆ هەرێمی كوردستان لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە كرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار