"گۆران ئازاد، چیت بۆ دەستوور كردووە؟"

هەولێر-KDP.info- "(گۆران ئازاد)، لە جیاتی ئەوەی ئەرك و بەرپرسیارەتیی خۆی ئەنجام بدات و، كار بكات لە سەر دەستوور بۆ ئەوەی، چیی زووترە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بگەنە تەوافوق، چونكە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەستەڵاتی بە پەرلەمان داوە و، سەرپشكی كردوون لەوەی كە ئەولەوییەتی کاری ئەوان دەستوور دەبێت، ئەو دێت پێچەوانەی ئەتەكێتی كاری خۆی و بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی، قسە فڕێ دەدات"، (ڤەمان فەیسەڵ) وای گوت.
ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان (ڤەمان فەیسەڵ)، بە kdp.infoـی راگەیاند، تا دێت سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، حكوومەت و پەرلەمان، هەنگاوی كرداری دەنێن بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی كە بە خەڵكی كوردستانیان داون، لە هەمان كاتدا ئەو هەنگاوانە بەرپرسیارەتی و ئەركی ئەوانە، بەڵام ئەو كارانە جێگەی دەستخۆشی و رێزە، چونكە هەندێك شت مێژووی نوێ دروست دەكەن، وەك ئەوەی دەبینرێ و دەبیسترێ بۆ بەدەستووركردنی هەرێمی كوردستان و، دانانی باڵاترین یاسا هەنگاو دەنێن.
(ڤەمان) دەشڵێت، "ئەوەی جێی تێڕامان و سەرسووڕمانە ئەوەیە كە، (گۆران ئازاد) لە جیاتی ئەوەی بە ئەرك و بەرپرسیارەتیی خۆی هەڵسێ و، كار بكات لە سەر دەستوور بۆ ئەوەی چی زووترە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بگەنە تەوافوق، چونكە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەستەڵاتی بە پەرلەمان داوە و، سەرپشكی كردوون لەوەی كە ئەولەوییەتی ئیشی ئەوان دەستوور دەبێت، ئەو دێت پێچەوانەی ئەتەكێتی كاری خۆی و بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی، قسە فڕێ دەدات بە مەبەستی زیاتر دەركەوتنی و سەرنجی ناڕەوا بۆ لای خۆی رادەكێشێت، كە ئەمەش ئاشكرایە خزمەتكردنێكی نەرێنیی كەسایەتییانەیە بۆیە وا قسە دەكات".
ئەو پەرلەمانتارە زێتر گوتی، "پێم باشە (گۆران) بە بیر خۆی بهێنێتەوە كە مافدان و مافنەدان، بە یاسایە نەك بە قسەی ئەو، لە كاتێکدا شەرعیترین دامەزراوە كە ئەویش سەرۆكایەتیی هەرێمە، زۆرترین دەستەڵاتی هەیە قسە لەسەر دەستوور بكات، چونكە ئەوان هەست بە بەرپرسیارەتیی خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی باشترین دەستوور بۆ خەڵكی كوردستان، پەسەند بكرێت.
(ڤەمان فەیسەڵ) گوتیشی، "نیشانەی پرسیارە گەورەكەی لەسەر (گۆران) دروست بووە ئەوەیە، چیی كردووە لە پێناو ئەو دەستوورەی باسی دەكات؟ بۆ ئەوەی ئێمەیش پرسی پێ بكەین و نەگەڕێینەوە بۆ موئەسەساتی شەرعیی ئەم گەلە، عەیبە گەورەكە لەوەدایە كە (گۆران ئازاد) وشەی عەیبە بە كار دێنێت، چونكە ئەو وشەیە لە وشەی سەر جادە دەچێ، نەك بۆ كاری پەرلەمانتاری".
(ڤەمان) ئاماژەیشی دا، "ئاسانترین رێگە گرتنی رەخنەی بێمانا و گلەیی بێبنەمایە كە، ئەوەیش لە بێئیشی و دەستبەتاڵییەوە سەرچاوە دەگرن. بۆیە قسەكەی (گۆران ئازاد) تەعبیرێكێ ئاشكرایە كە ئەو هیچی بۆ دەستوور نەكردووە و هیچی نوێیشی پێ نییە و ناتوانێت هیچیش بكات".




