٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابەکر زێباری، ڕەتی دەکاتەوە ناوی لە لیستەکەی عەبادیدا بێت.. هێشتا دەوام دەکات

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆكئەركانی سوپای عێراق فەریق (بابەكر زێباری)

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكئەركانی سوپای عێراق فەریق (بابەكر زێباری)، ئەو هەواڵانەی ڕەت کردنەوە کە باس لە هەبوونی ناوی ئەو لەو لیستەدا دەکەن، کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە لە مێدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە، ڕایشیگەیاند، کە ئەو هێشتا دەوامی ئاسایی خۆی دەکات.

 

سەرۆكئەركانی سوپای عێراق فەریق (بابەكر زێباری)، پێشتر داوایەكی ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كردووە كە، ئەگەر ڕازی بێت، لە پۆستەكەی بەردەوام نەبێت و كەسێكی دیكەی كورد، لە بری ئەو بكرێتە سەرۆكئەركانی سوپای عێراق.


سەرچاوەکانی هەواڵ، پشتبەستو بە بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)، دوێنێ بڵاویان كردووەتەوە كە، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە فەرماندەییەکانی سوپا و هەواڵگریی عێراقدا ئەنجام دەدرێن و، لەو چوارچێوەیەدا 26 فەرماندەی سەربازی دەگۆڕێن، کە گوایە فەریق (خورشید ڕەشید)یش، لە شوێنی (زێباری) دەكرێتە سەرۆكئەركانی نوێی سوپای عێراق.


لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا، فەریق (بابەكر زێباری)، تایبەت بە KDP.infoی راگەیاند كە، ئەمڕۆیش دەوامی ئاسایی خۆی كردووە. هاوکات ڕەتیشی کردەوە کە ناوی ئەو لە نێو ئەو لیستەدا بێت کە، پێوەست بەو گۆڕانکاریانەن کە سەرۆکوەزیران(حەیدەر عەبادی) ئەنجامیان دەدات.


سەرچاوەیەکی نزیک لە (بابەکر زێباری)، دوێنێ چوارشەممە بۆ KDP.infoی ئاشکرای کرد کە، سەرۆكئەركانی سوپای عێراق، 11 ساڵە لەو پۆستەی بەردەوامە، بە هۆی ئەوەوە خۆی پێشتر داوای لە (سەرۆك بارزانی) كردووە كە، چیتر لەو پۆستە بەردەوام نەبێت و، بوار بە كوردێكی دیكە بدرێت، شوێنی ئەو بگرێتەوە.

ئەو سەرچاوەی نزیک لە سەرۆكئەركانی سوپای عێراق، دەشڵێت، "(بابەكر زێباری)، بۆچوونی وایە كە، لە هەموو دونیا سەرۆكئەركان، تەنیا 4 ساڵ لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، ئەگەر بە رۆحێكی دیموكراتیانە بیر بكەینەوە پێویستە كەسێكی دی، بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكرێت."

KDP.info
 

هەواڵی پەیوەندیدار