ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكەی گەرمیان بەرز بووەوە

گەرمیان-KDP.info- بەپێی دوائامارەكانی تەقینەوە خۆكوژیەکەی ئێوارەی دوێنێی دەڤەری گەرمیان، چوار كەس شەهید بوون و 20-ی دیكەیش بریندار بوون.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی كەلار (هەڵگورد حەمید)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لە تەقینەوەكەی دوێنێدا چوار كەس شەهید بوون كە سێ كەسیان كارمەندی ئاساییشی گەرمیان و كەسەكەی دیكەیش هاووڵاتییە. هاوكات 20 كەسیش بە برینداری هێنراونەتە نەخۆشخانە كە ژمارەیەكیان ئاساییش و پۆلیس و پێشمەرگەن.
(حەمید) گوتیشی، بریندارەكان چەند كەسێكیان برینەكانیان سەختە و رەوانەی سلێمانی كراون.
ئێوارەی دوێنێ لە ناحیەی كۆكسی سەر بە شاری كفری، خوكوژێك بە ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوەوە خۆی لە نێو بارەگای بنكەی ئاساییشی كۆكس تەقاندنەوە و وێڕای زیانە گیانییەكان، زیانێكی ماددیی زۆریشی لێ كەوتەوە كە بینای ئاساییش بە تەواوی داڕووخا.
كاروان جاف




