هێز، بۆ مەسیحی، ئێزدی و كاكەییەكانیش پێک دێت

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەینێت، بە بڕیاری سەرۆك بارزانی هێز بۆ پێكهاتەكانی مەسیحی، ئێزدی و كاكەیەكان دروست دەكرێت و لە ئێستادا بەشێك لە مەشقدان و بەشێكیش لە حاڵەتی نانووسكردندان، ئەمەیش بۆ پارێزگاریكردنە لە پێكهاتە و ناوچەكانیان.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، بە kdp.infoـی راگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی داوە بۆ ئەوەی هێز بۆ پێكهاتەكانی ئێزدی، كاكەیی و مەسیحییەكان دروست بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەیش دەزگای تاكەكان و خۆبەخشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەرگەی بۆ ناونووسكردنی ئەو سێ پێكهاتەیە كردووەتەوە.
(هەڵگورد حیكمەت) گوتیشی، بۆ كوردانی ئێزدی بڕیارە لیوایەكیان بۆ دروست بكرێت و لە ئێستادا دوو فەوج كە هەر یەكەیان 750 كەس دەبن، مەشق و راهێنانیان دەكەن و یەكێك لەوانە مەشقەكانیان تەواو بووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، بۆ پێكهاتەی مەسیحی فەوجێك دروست دەكرێت و لە ئێستادا دەست بە ناونووسین كراوە، هەروەها بۆ پێكهاتەی كاكەییەكانیش، زیاتر لە فەوجێك دروست دەكرێت بەپێی ئارەزووی خۆیان كە چەند كەسیان خۆیان ناونووس دەكەن.
زیاتر گوتی، مەرجی وەرگرتنی كەسەكان لەو پێكهاتانە بۆ ئەو هێزانەی بۆیان دروست دەكرێت، پێویستە تەمەنیان لە 18ساڵ كەمتر نەبێت و لە 30 ساڵیش زیاتر نەبێت.
(هەڵگورد) راشیگەیاند، مەبەست لە دروستكردنی ئەو هێزانەش بۆ ئەوەیە كاتێك ناوچەكانین لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار دەكرێن، پارێزگاری لە پێكهاتە و ناوچەكانیان بكەن.
ئاماژەیشی دا كە، هیچ وادەیەكی بۆ دانەنراوە و لەسەر ئەو پێكهاتانەیە دەمێنێتەوە كە چەند زوو خۆیان ناونووس بكەن، زووتر دەست بە مەشق و راهێنان دەكەن و دەستبەكار دەبن.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، هەموو ئەو هێزانە كە بۆ پێكهاتەكان دروست دەكرێن، لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا رێك دەخرێن و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن.
بڵند ئیبراهیم




