بێ رەزامەندیی هەرێم، بەغدا ناتوانێت نەوتی کەرکووک هەناردە بکات

هەولێر- KDP.info- جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و گاز، لە پەرلەمانى کوردستان(دڵشاد شەعبان) رایدەگەینێت کە، بەغدا بێ رەزامەندیی هەرێم، ناتوانێت نەوتی کەرکووک هەناردە بکات و، پێشبینی دەکات کە بە هاتنی وەزیری نەوتی عێراق، رەنگە لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتنێک، چونکە بەغدا گرفتی لە هەناردەی نەوت هەیە.
وەزیری نەوتی عێراق، (عادل عەبدولمەهدی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەییشتە هەرێمی کوردستان و، وەها بڕیارە نەخشەڕێیەک بۆ رێککەوتن دەربارەی هەناردەی نەوتی هەرێم بخاتە روو، پێوەست بەم پرسەیش، چاودێرانی سیاسیی بۆچوونیان وایە کە، سەردانەکەی وەزیری دارایی عێراق، پێوەست بە نەوتی کەرکووکە، چونکە ئەگەر هەنگاو بۆ هەناردەی نەوتی کەرکووک بنرێت، ئەوا بێ رەزامەندیی هەرێم، ناتوانرێ نەوتی کەرکووک، هەناردە بکرێت.
لەلایەکی دیکەیشەوە چاودێران بۆچوونیان وایە، چونکە کەرکووک ناوچەیەکی تەواو کوردستانییە، بۆیە هەناردەی نەوتی هەرێم، لەو ناوچەیە مافی گەلی کوردە. جێگرى سەرۆکى لێژنەى سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، (دڵشاد شەعبان)، بە KDP.info-ی گوت: "بە گوێرەی پڕۆژە بودجەى ساڵى 2014، دەبێت عێراق، رۆژانە سێ ملیۆن و چوارسەدهەزار بەرمیلی نەوت، هەناردەی دەرەوە بکات، بەڵام لەئێستادا تواناى هەناردەکردنی دووملیۆن و چوارسەدهەزار بەرمیلی نەوتی هەیە، واتە رۆژانە نزیکەى ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەناردە ناکرێت. جگە لەوەیش ئێستا حکوومەتى عێراق، بەبێ هەرێمى کوردستان، ناتوانێت نەوتى کەرکووک هەناردەى دەرەوە بکات، دەبێت ئەوان بێن لە هەرێمى کوردستان تاوتووی ئەم پرسە بکەن، تا کورتهێنانی نەوت (ئەو ملیۆن بەرمیلە نەوتەی کە بەپێی بودجەی 2014-ی عێراق، پێویستە رۆژانە هەناردە بکرێت و، لە توانای عێراق، دانییە هەناردەی بکات) بە هاوکاریی هەرێم پڕی بکەنەوە، ئەگەرنا، عێراق گرفتی زۆری دێتە ڕێ.
(دڵشاد شەعبان)، پێشبینی دەکات، لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتن، چونکە وێڕای ئەوەی کارتی بەغدا لاوازە، گوشاری یوئێن و ئەمەریکا، لەسەر حکوومەتى بەغدا هەیە، تا لەگەڵ هەرێم رێک بکەون، بەڵام هەرێم نایەوێت پەلە بکات، ئەوەش بووەتە هۆکارێک تا ئێستا شاندی کوردستان، سەردانى بەغداى نەکردووە. گوتیشی، "عێراق دەرفەتی لە پێشە بۆ ئەوەی لەو سەردانەی وەزیری نەوتی عێراق، لەگەڵ هەرێم رێک بکەون، چونکە ئەوان گرفتی زۆریان هەیە، بە پێچەوانەی ئێمە کە گرفتمان لە هەناردەی نەوت نییە."
(شەعبان)، ئاماژەی دا، "هەرێمى کوردستان بەپێى یاسای ژمارە 5ـى ساڵى 2013ـى پەرلەمانى کوردستان، کە لە ماددەى 6ـدا بڕگەى 2، هاتووە، ئەگەر هاتوو لەماوەى 90 ڕۆژ-دا هەرێمى کوردستان، لەگەڵ حکوومەتى عێراق نەگەیشتە ڕێکەوتنێک بۆ وەرگرتنى مافى دارایىی هەرێم، ئەوا حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە فرۆشتنى نەوتى خۆى پابەند دەبێت. بەپێى یاسایى نەوت و گازى ژمارە 22-ى ساڵى 2007، بۆ پڕکردنەوەى بۆشایى داراییى هەرێمى کوردستان، بەپێى دەستوورى عێراق، هەرێم دەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەپێی پشکی 17%. لە لێدوانى ئەم دووایەیی سەرۆکوەزیرانی کوردستانیش، کە رایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنى نەوت کۆتایی پێ هاتووە، نەوت لە دەستی هەرێم دەبێت، بۆ عێراق، روون بووەتەوە کە هەرێم مافی خۆیەتی نەوتی خۆی بفرۆشێت".
هاوکات، لەبارەی نەگەییشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، (دڵشاد شەعبان)، دەڵێت، "ئەگەر بە هیچ ڕێکەوتنێک نەگەییشتین، ئەوا بە گوێرەی یاسای ژمارە 5-ى 2013-ی هەرێم، مامەڵە دەکەین."




