عەرەبەكانی شنگال بازرگانی بە كوردانی ئێزدییەوە دەكەن.. 20000 دۆلاریان بۆ هەر خێزانێك دیاریكردووە

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، عەرەبەكانی سنووری قەزای شنگال، بازرگانی بە كوردانی ئێزدییەوە دەكەن و، بڕیار بوو ئەمڕۆ سێ خێزان بە 20000 دۆلار بە خانەوادەكەیان، بفرۆشنەوە.
"لە سنووری قەزای شنگال، ئەو ناوچانەی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشە، عەرەبەكان، بازرگانی بە كوردانی ئێزدییەوە دەكەن، عەرەبەكان بڕیاریان دابوو، ئەمڕۆ سێ خێزانی كوردی ئێزدی، بە خانەوادەكانیان بفرۆشنەوە، كەسوكاری ئەو خێزانانەیش بۆ چیای شنگال هاتبوون، پارەشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، بەڵام دواتر عەرەبەكان پەشیمان بوونەوە و، هەر سێ خێزانەكەیان بەرە و مووسڵ، گەڕاندنەوە،" فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم دربۆ)، بۆ kdp.info، وایگووت.
(قاسم دربۆ)، گوتیشی، ئەو عەرەبانە هاووڵاتیانی كوردی ئێزیدی لە چەكدارانی داعش دەكڕن و، دواتر بازرگانی پێوە دەكەن كە، بڕیاربوو هەر یەك لەو خێزانانە بە 20000 دۆلار بە كەسوكاریان بفرۆشنەوە.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەی دا، ئەو سێ خێزانە كوردەی لای عەرەبەكانن و بازگانییان پێوە دەكرێت، ژمارەی خێزانێكیان زانراوە كە پێنج كەسن و، دوو خێزانەكەی دیکەیش، لە منداڵ و ژن پێك هاتوون.
(دربۆ)، زانیاریی دیكەیشی خستەڕوو كە، "بەر لە دوو رۆژ، بۆردوومانی شنگالمان كرد، بەو هۆیەوە دوو كچی كوردی ئێزدی، توانییان خۆیان رزگار بكەن و بگەنە لای ئێمە، ئەو دوو كچەیش بۆیان گێڕاینەوە كە لە كاتی بۆردومانەكە، پاسەوانی تیرۆریستانی داعش، رایانكردوو و، ئەوانیش، توانیویانە خۆیان بگەیەننە چیای شنگال، ئەمڕۆیش دوو پیاوی دیكە، خۆیان گەیاندە چیای شنگال".
بڵند ئیبراهیم




