بابەكر زێباری داوای لە (سەرۆك بارزانی) كردووە لە پۆستەكەی بەردەوام نەبێت.. خورشید ڕەشید سەرۆكئەركانی نوێ دەبێ

هەولێر-KDP.info- بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكئەركانی سوپای عێراق، فەریق (بابەكر زێباری) داوایەكی ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كردووە كە، ئەگەر ڕازی بێت، لە پۆستەكەی بەردەوام نەبێت و كەسێكی دیكەی كورد، لە بری ئەو بكرێتە سەرۆكئەركانی سوپای عێراق.
هەندێ سەرچاوەی هەواڵ بڵاویان كردووەتەوە كە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی)، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە سوپای عێراق ئەنجام داون و، 26 فەرماندەی سەربازی دەگۆڕێت و، كوردێكیش بە ناوی فەریق (خورشید ڕەشید)، دەكرێتە سەرۆكئەركانی نوێی سوپای عێراق.
سەرچاوەیەكی نزیك لە سوپاسالاری عێراق، فەریق (بابەكر زێباری)، تایبەت بە KDP.infoی راگەیاند كە، ئەمڕۆیش فەریق (بابەكر زێباری)، دەوامی ئاسایی خۆی كردووە، بەڵام سەرۆكئەركانی سوپای عێراق، 11 ساڵە لەو پۆستەی بەردەوامە، بۆیە داوای لە (سەرۆك بارزانی) كردووە كە، چیتر لەو پۆستە بەردەوام نەبێت و، بوار بە كوردێكی دیكە بدرێت، شوێنی ئەو بگرێتەوە".
ئەو سەرچاوەی نزیک لە سەرۆكئەركانی سوپای عێراق، دەشڵێت، "(بابەكر زێباری)، بۆچوونی وایە كە، لە هەموو دونیا سەرۆكئەركان، تەنیا 4 ساڵ لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، ئەگەر بە رۆحێكی دیموكراتیانە بیر بكەینەوە پێویستە كەسێكی دی، بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكرێت".
بەپێی زانیارییەكان، كوردێك بە ناوی فەریق(خورشید ڕەشید)، دەكرێتە سەرۆكئەركانی نوێی سوپای عێراق، بەڵام ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی دا، كە تا ئەمڕۆیش فەریق (بابەكر)، دەوامی ئاسایی خۆی كردووە.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، لەو بەیاننامەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق(حەیدەر عەبادی)دا، ئاماژە دراوە کە، (بابەکر زێباری) کە لەسەر داوای خۆی بووە، چی دی لە پۆستەکەی نامێنێتەوە.
KDP.info




