٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

(مەسروور بارزانی): هەمیشە لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیماندا، داوای فراوانتركردنی هاوكارییەكانمان بۆ رۆژئاوا كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) راگەیاند، "ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان دەیكەین، بۆ رۆژئاوایش ئەوەی پێمان بكرێ دەیكەین و، هەمیشەیش لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیماندا، داوای فراوانتركردنی هاوكارییەكانمان بۆ رۆژئاوا، كردووە."

ئەمڕۆ چوارشەممە، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)،  پێشوازی لە سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستان – سووریا (سعوود مەلا) و، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو پارتییە (كامەران عەبدولمەجید حاجۆ)، كرد، كە لە دانیشتنێكدا گفتوگۆی پێویست لەبارەی بارودۆخی سووریا بە گشتی و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان بەتایبەتی كرا و، تیشك خرایە سەر رۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)،  لە كۆكردنەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا، لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆكدا، بۆ ئەوەی رۆژئاوای كوردستان بتوانێ بە یەكڕیزی و یەكگوتاری رووبەڕووی بارودۆخ و پێشهاتەكان ببێتەوە و، بە مافە نەتەوەییەكانی بگات. هەروەها هاوكاری و پشتیوانییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژئاوا دووپاتی لێ كرایەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا، باس لە پەلامارەكانی داعش بۆ سەر كورد، چ لە هەرێمی كوردستان و چ لە رۆژئاوای كوردستان كرا و، دووپات لەوە كرایەوە كە، ئەمڕۆ كورد بە یەك بەرە، رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووەتەوە. ئاماژەیش بەوە درا كە، پێویستە كورد لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە زیێتر پشتیوانی بكرێت.
هەر لە دیدارەكەدا (مەسروور بارزانی)، باسی لەوە كرد، كە "ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان دەیكەین، بۆ رۆژئاوایش، ئەوەی پێمان بكرێ دەیكەین و، ئاماژەی بەوەدا هەمیشە لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیماندا، داوای فرەوانتركردنی هاوكارییەكانمان بۆ رۆژئاوا كردووە."
تاوتووكردنی باشتركردنی بارودۆخی ئاوارەكانی رۆژئاوایش، لە هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە، بوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار