حكوومەتی كوردستان دەستی بە رێكاری سەربەخۆیی ئابووریی هەرێم كرد

هەولێر-kdp.info- ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی سامانە سرووشتییەكان (بەیار دۆسكی) دەڵێت، لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بە كردەیی هەنگاو بۆ سەربەخۆیی ئابووریی هەرێم نراوە و، ئەمڕۆیش حكوومەت كە، هەردوو پڕۆژەیاسای كۆمپانیای نەوتی هەرێم و سندوقی داهاتە نەوتییەكانی پەسەند كرد، نەوتی هەرێم بەو دوو پڕۆژەیاسایە بە دامەزراوەیی دەكرێت.
دوای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان نەوتی هەناردەی دەرەوە كرد، لەلایەن پەرلەمانتارانی كوردستانەوە جەخت لە دەرچوونی دوو پڕۆژەیاسای گرینگ كرایەوە، كە وەك رێكاری سەربەخۆیی ئابووریی هەرێم، پێویستە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەی كردەیی بۆ بنێت. ئەمڕۆیش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) کۆ بووەوە و هەردوو پڕۆژەیاسای كۆمپانیای نەوتی هەرێمی كوردستان و سندووقی داهاتە نەوتییەكانی پەسەند كرد كە بە بناخەی كاركردن بۆ سەربەخۆیی ئابووری هەرێم شی دەكرێتەوە.
پێوەست بەم یاسایانەوە، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (بەیار دۆسكی)، بە Kdp.info-ی راگەیاند، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ سەربەخۆیی ئابووریی هەرێم دەكات، بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستی بەوە هەیە، پرۆسەی نەوت بە دامەزراوەیی بكرێت، خۆشبەختانە ئەمڕۆ ئەو دوو پڕۆژەیاسایە پەسەند كران و لە هەر وادەیەكدا رەوانەی پەرلەمان بكرێت، دەست بە گفتوگۆ دەكرێت و دەوڵەمەندتر دەكرێن".
(دۆسكی) دەڵێت، بە پەسەندكردنی هەردوو پڕۆژەیاسای كۆمپانیاكانی نەوت و سندووقی داهات، پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە دامەزراوەیی دەكرێت و، هەرێمیش زێتر هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی ئابووری دەنێت، چونكە حكوومەت زۆر جیددییە بۆ ئەو پرسە و هەنگاوی كردارییشی ناوە.
بڵند ئیبراهیم




