پۆلیسی گەرمیان: تەقینەوەكەی كۆكسی خۆكوژی بووە.. چوار كارمەندی ئاساییش شەهید بوون و شەش برینداریش هەن

كفری-kdp.info- كەمێك لەمەوبەر لە ناحیەی كۆسكی ناوچەی گەرمیان، تەقینەوەیەكی خۆكوژی بارەگای ئاساییشی ناوچەكەی كردە ئامانج و بەپێی زانیارییەكان چوار كارمەندی ئاساییش شەهید بوون و شەش كەسی دیكەیش بریندارن.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان موقەدەم موقەدەم (حەسەن محەممەد)، بە kdp.info-ی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناحیەی كۆكسی سەر بە شاری كفری، خوكوژێك بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری بۆمبرێژكراو خۆی بە بارەگای ئاساییشی ناوچەكەدا تەقاندەوە و، بە هۆی تەقینەوەكەوەیشەوە چوار كارمەندی ئاساییشی گەرمیان شەهید بوون و شەش كارمەندی دیكەیش بریندارن كە لەناویاندا برینداری سەخت هەیە.
موقەدەم (حەسەن)، گوتیشی، تەقینەوەكە زیانی ماددیی زۆریشی لێ كەوتووەتەوە، ئێستایش هێزێكی زۆری ئەمنی رەوانەی ناوچەكە كراوە و بارودۆخەكە سەقامگیر بووەتەوە.
ناحیەی كۆكس سەر بە شاری كفرییە و دەكەوێتە نێوان كەلار و جەلەولا، بە هۆی شەڕی داعشەوە خێزانێكی زۆری عەرەب هاتوونەتە ناحیەكە و جێگیر بوونە.
كاروان جاف




