٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە سكاڵای مەكتەب سیاسیێک، برای كاوە گەرمیانی و دوو رۆژنامەنووسی دی دەستگیر كران

سەرچاوە: KDP.info

كەلار-KDP.info-  سكرتێری لقی گەرمیانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان (ئارام ئیكرام) رایگەیاند، بە هۆی سكاڵای بەرپرسێكی یەكێتی، ئەمڕۆ برای (كاوە گەرمیانی) و دوو رۆژنامەنووسی دی، بە بڕیاری دادگای كەلار، دەستگیر كران.

دادگای كەلار، بە هۆی سكاڵای بەرپرسێكی یەكێتی، 3 رۆژنامەنووسی سنووری گەرمیانی دەستگیر كردن، تەنیا لەبەر ئەوەی كە ئەمڕۆ وادەی دادگەییكردنەكەیان بووە و كەمێك دوا كەوتوون.
لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنەكەیشەوە، سكرتێری لقی گەرمیانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، (ئارام ئیكرام)، بە kdp.infoـی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە كاتێكدا بە هۆی سكاڵای ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (عەدنان حەمەی مینا)، سێ رۆژنامەنووسی سنووری گەرمیان دانیشتنی دادگایان هەبوو، بەڵام لەبەر درەنگگەیشتنیان بە دادگا، بە بڕیاری دادوەری دادگای كەلار، هەر سێ رۆژنامەنووسەكە تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، دەستگیر كران. سێ رۆژنامەنووسەكەیش، (كارزان ئەحمەد برای كاوە گەرمیانی، گەرمیان عەزیز و سەركەوت سەلام) ـن".

بە گوتەی (ئارام ئیكرام)، "كاتی خۆی لەسەر راپۆرتێكی گۆڤاری رایەڵ كە رۆژنامەنووسی تیرۆركراو (كاوە گەرمیانی) سەرنووسەری بوو، (عەدنان حەمەی مینا) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی سكاڵای لەسەر گۆڤارەكە تۆمار كردووە، لە دوای تیرۆركردنی (كاوە گەرمیانی)، رۆژنامەنووس (دڵشاد ئەنوەر) رایگەیاند كە، ئەو خاوەنی ئەو راپۆرتە بووە كە لەسەر (عەدنان حەمەی مینا)، لە گۆڤارەكە نووسراوە. بە هۆی ئەو سكاڵایەیشەوە دەستەی هاوكارانی گۆڤارەكەیشی گرتەوە، ئەو سێ رۆژنامەنووسە درانە دادگا و (دڵشاد ئەنوەر) ـیش، داوای لە دادگا كردووە كە دانیشتنی دادگەییكردنەكەی بۆ دوا بخرێت و دادگایش رازی بووە".

كاروان جاف

 

هەواڵی پەیوەندیدار