٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەورینی: رزگاركردنی شنگال لە ئەولەوییەتی كارەكانی (سەرۆك بارزانی)ـیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی فەرماندەی لەشكری كورستان دەڵێت، هێزی پێشمەرگە پلانی بۆ رزگاركردنی هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم هەیە و، ئازادكردنی شنگالیش لە ئەولەوییەتی كارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

 

ئەندامی فەرماندەی لەشكری كوردستان و فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك لیوا (عەبدولڕەحمان كەورینی)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، هێزی پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە بەرەكانی جەنگەوە بەو چەكەی كە لە بەردەستیاندایە لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕ دەكەن  و داعشیش لە ئێستادا ورەیان ڕووخاوە، چونكە ئەو پێشوازییەی پێشتر لە ناوچە سونییەكان لێیان دەكرا، نەماوە و ئەوانەی لەگەڵیشیاندان، چەكەكانیان فڕێ ددەن و هەڵدێن.

سەبارەت بەوەی كە ئایا هێزی پێشمەرگە بەشداری لە رزگاركردنی مووسڵدا دەكات، ئەو فەرماندەیە گوتی، "ئەو پرسە پێویستی بە رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا، بەڵام تاوەكو ئێستا دیار نییە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر دەدات ئایا بەشداری دەكەن یاخود نا، بەڵام من وەكو رای تایبەتی خۆم پێم باشە داعش لەهەر شوێنێك بێت دژیان شەڕ بكەین".

(عەبدولڕەحمان كەورینی) زیاتر ڕوونی كردەوە، پێویستە هێزی پێشمەرگە تەواوی ئەو ناوچانەی كوردستانین، رزگار بكەنەوە كە كەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش و ئەولەوییەتی ئەوانەیش لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، رزگاركردنی شنگالە و لە ئێستادا بەرنامەی بۆ دادەنرێت كە چۆن رزگار بكرێت.

ئەو فەرماندەیە گوتیشی، لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە بە ورەیەكی پۆڵایینەوە لە سەنگەرەكانی شەڕدایە و ئیدی رێگە نادەن تیرۆریستان لە هەرێمی كوردستان نزیك ببنەوە، چونكە پێشمەرگە بە ئینتیما و رۆح و گیان بەرگری لە خاكی خۆی دەكات.


بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار