سیاسیێک، لە ڕازیبوونی تەڤدەم بە گەڕانەوەی ژمارەیەک پێشمەرگەی ئەنەکەسە بۆ ڕۆژاوای کوردستان بە گومانە

ڕۆژاوای کوردستان- KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کورد لە سووریا، گوتی، گفتوگۆی نێوان ئەنجوومەنی کورد لە ڕۆژاوا، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی سووریا، یەپەگە و پێشمەرگە و سوپای ئازاد، لە شەوی رابردووەوە بەردەوامن، ئەگەر ڕێکیش کەوتن، ئەوا چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ گەڕانەوە و دەربازبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی ئەنەکەسە، ڕابگەیەنرێ.
(ئیسماعیل حەمێ) بۆKDP.info زیاتر گوتی، لەپێناو گەڕانەوە و چوونی هێزێکی سەربازی کە 100 چەکدار دەبێ و سەر بە ئەنەکەسەن، گفتوگۆی نێوان ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە کۆبانی و تەڤدەم کە باڵە سەربازییەکەی یەپەگە نوێنەرایەتی دەکات بەردەوامە، وەهایش بڕیارە گەڕانەوەی ئەو هێزە کە لە داهاتوودا ژمارەیان زیاتر دەکرێ، لە ژێر ئاڵای نەتەوەیی کورد و ئەنجوومەنی نیشتیمانی، هاوشانی پێشمەرگە و یەکینەکانی پاراستنی گەل و سوپای ئازاد، دژ بە داعش بجەنگن.
هەڵبەت (حەمێ) بەڕەچاوگرتنی لێدوانی هەندێکی بەرپرسانی ئیدارەی ڕۆژاوای کوردستان، لە ڕێدان لە لایەن لایەنی دووەمەوە بەو هێزە 100 کەسییە بە چوونە نێو خاکی ڕۆژاواوە، گومانی خۆی نەشاردەوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کورد لە سووریا، هەروەها گوتی، "کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان هەردوو ئەنجوومەن و پێشمەرگە و سوپای ئازاد هێشتا بەردەوامە، تا درەنگانی شەوی رابردوو دانوستانەکانیان درێژەیان هەبووە، ئەگەر هاتوو گەییشتنە ڕێککوتنێکی هاوبەش، ئەوا ئەمڕۆ، بڕیاری چوونەوەی ئەو هێزەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی سووریا، ڕادەگەیەنرێ."
عماد برهو – زریان زیاد




