سەڵاح دەلۆ: سەرۆك موژدەی دا كە داعش بەم زووانە لە ناو دەچێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی، ئاماژە بە گرینگیی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شاری خانەقین دەكات، ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە (سەرۆك بارزانی) موژدەی دڵخۆشكەری بە پێشمەرگە داوە و ڕایگەیاندووە، بەم زووانە داعش لە ناو دەچێت.
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەڵاح دەلۆ)، لەبارەی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شاری خانەقین، بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، "هاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ خانەقین زۆر گرینگ بوو، چونكە لەگەڵ سەرجەم یەكە سەربازییەكان و ئامرلیواكان كۆ بووەوە و باسی خۆڕاگریی پێشمەرگەی كرد و خۆیشیان گوتیان هاتنی جەنابی سەرۆك بۆ خانەقین هێز و تینێكی تایبەتی بە ئەوان بەخشیوە و هەموو لایەك پێشوازییان لەو سەردانە كرد".
(دەلۆ) گوتیشی، "لە كاتی چوونەناو خانەقین، خەڵێكی زۆر لەو سنوورە پێشوازیی گەرمیان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و ئەویش بەڵێنی پێ دان دەگەڕێتەوە لایان".
لەبارەی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشەوە، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی دەڵێت، "گرینگنترین پەیامی سەرۆك لە كۆبوونەوەكاندا ئەوە بوو كە بە هێز و بازووی پێشمەرگە، ناوی كوردستان لە دنیادا دەنگی داوەتەوە و جەنابی سەرۆكیش موژدەی بە خەڵك و پێشمەرگە دا دا كە داعش لە ماوەیەكی كورتدا نامێنن و لەناو دەچن، هەروەها جەختیشی كردەوە كە كە لە بستێك خاكی كوردستان خۆش نابین".
هاوكات لەگەڵ چوونی بۆ شارەكە، (سەرۆك بارزانی) لە پرسەی یەكێك لە شەهیدەكان بەشدار بوو و دواتر خەڵكی گوندی "كۆمەڵە" بە گەنج و پیرەوە هاتنە سەر شەقامەكان و بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە سەرۆك كرد.
دوێنێ سێشەممە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) بەمەبەستی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاگاداربوون لە بارودۆخی مەیدانی و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەلە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە كەركووك، خورماتوو، داقوق، قەرەتەپە، خانەقین و جەلەلا و سەعدیە، سەردانی شاری خانەقینی كرد و لەگەڵ بەرپرسی میحوەر و فەرماندە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری گەرمیان - خانەقین كۆ بووەوە.
(سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا سەرەتا دەستخۆشی لە خۆراگریی هێزی پێشمەرگە كرد و سوپاسی قارەمانەتیی پێشمەرگەی لەو میحوەرانە كرد كە توانیویانە هێرشی تیرۆریستان تێك بشكێنن و ڕێگە لە نزیكبوونەوە و پێشڕەوییان بگرن و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بەوەی سەردانی ئەم میحوەرەی كردووە و لە نزیكەوە چاوی بە پێشمەرگە كەوتووە. هەروها سڵاو و درودی خۆی بۆ ئەو شەهیدە قارەمانانە نارد كە لەپێناو سەروەریی وڵاتەكەیان و بەرگری لە خاك و ماف و كەرامەتی خەڵكی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان فیدا كردووە.




