لە سنووری پارێزگای كەركووك شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و داعشدا بەردەوامە

كەركووك-KDP.INFO- بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك دەڵێت، لە ئەمڕۆ بەیانییەوە شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە سنووری كەركووك دەستی پێ كردووە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە هەردوو میحوەری دوبز و خرابەڕووت شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش دەستی پێ كردووە و لەو شەڕەدا چەكی جۆری هاوەن و بیكەیسی و دۆشكە بەكار دەهێندرێن و یەكدی بۆردوومان دەكەن.
عەمید (سەرحەد) گوتیشی، لەو شەڕەدا زیانی زۆر بەر داعش كەوتووە، چونكە جگە لە بۆردوومانەكانی هێزی پێشمەرگە، فڕۆكە جەنگییەكانیش مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن.
ڕوونیشی كردەوە كە، "لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگە هیچ شەهیدێكمان نییە و تەنیا سێ پێشمەرگە بە سووكی بریندار بوون".
بڵند ئیبراهیم




