فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی: لە دوێنێوە حەوت شوێنمان كۆنتڕۆڵ كردوونەتەوە

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی رایدەگەیەنێت، لە دوێنێوە حەوت شوێنی دیكەیان كۆنتڕۆڵ كردوونەتەوە و، شەش تەرمی داعش لەگەڵ بڕێك چەك، تەقەمەنی و كەلوپەلی سەربازی، كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگەوە.
لە بەردەوامیی ڕِووماڵیkdp.info، تایبەت بە رەوشی كۆبانی، ئەمڕۆیش پەیامنێرانمان زانیارییان دەست خستووە كە، هێزەكانی پێشمەرگە گورزوەشێنەکان، تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای كۆبانی وەدەر دەنێن و، ورەی داعش رووخاووە و لە سەرجەم ناوچەكانی بەرەی جەنگ، پاشەكشەیان كردووە. هاوكات لە دوێنێیشەوە 7 ناوچەی دی لە كۆبانی ئازاد كراونەتەوە.
پێوەست بەو زانیاریانە، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید حاجی)، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەیامنێری kdp.info راگەیاند، لە كۆبانی شەڕ بەردەوامە و لە ئێستایشدا شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە لە حاڵەتی هێرشبردندان، بە پێچەوانەی پێشوو كە داعش هێرشی دەكرد و بەردەوامیشن لە پێشڕەویكردن.
لیوا (عەبدولقەهار) دەشڵێت، لە دوێنێوە لە باشوور و رۆژهەڵاتی كۆبانی، حەوت شوێنیان كۆنتڕۆڵ كردوونەتەوە و زیانی زۆریش بە داعش گەییشتووە.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا، شەش تەرمی چەكدارانی داعش و بڕێكی زۆری چەك و تەقەمەنی لەگەڵ هەندێك كەلوپەلی سەربازی، كەوتوونەتە دەست هێزە كوردییەكان.
لیوا (عەبدولقەهار)، ئەوەیشی خستەڕوو، دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، چەند شوێنێكیان لە كۆبانی بۆردوومان كردووە و زیانی زۆر بە داعش گەییشتووە، بەڵام تا ئێستا قەبارەی زیانەكان نەزانراون.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، (مەجید حاجی) دەڵێت، "ورەی هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان زۆر بەرزە و، ورەی داعشیش رووخاوە، تیرۆریستان هەڵدێن و چەكەكانییان فڕێ دەدەن.. دوێنێیش دوو تەرمی ئەوانمان دۆزییەوە كە، دەستیان لە پشتەوە گرێ درابوو، رەنگە تیرۆریستانی داعش، خۆیان بە كوژراوی جێیان هێشتبێتن".
ئەمڕۆیش، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ kdp.info، نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەولێر (فەتحوڵڵا حوسێنی) رایگەیاند، بە هۆی بۆردوومانی پێشمەرگەوە، داعش لە كۆبانی را دەكەن و، پێشمەرگەیش كۆبانیی لە كۆمەڵكوژی رزگار كرد.
بڵند ئیبراهیم




