سەرۆك بارزانی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی میحوەری گەرمەسێردا كۆ بووەوە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ (سەرۆك بارزانی) لە سەردانەكەیدا بۆ خانەقین، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی ناوچەكە كۆ بووەوە و كۆبوونەوەكەیش دوو سەعاتی خایاندووە. (بارزانی) لە کۆبوونەوەکەیدا دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە کرد، بۆ خۆڕاگرییان.
بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا (كامەران محەممەد)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ سەعات 11-ی پێش نیوەڕۆ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، سەردانی خانەقینی كرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی ناوچەكەدا بۆ ماوەی دوو سەعات كۆ بووەوە و، لە سەعات سێی دوانیوەڕۆیش، (سەرۆك بارزانی) كۆتایی بە سەردانەكەی هێنا.
بەپێی زانیارییەکانی kdp.info سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەو میحوەرە، بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوش و گوزەرانی پێشمەرگە بووە و (بارزانی) لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە کە، نابێ، بستێک خاکی کوردستان لە بن پێی دوژمنانی کورد و کوردستاندا بمێنێتەوە، ئەو ناوچانەیشی کە لە بن چنگی داعشدا ماون، دەبێ ئازاد بکرێنەوە.
جێی ئاماژەیە، سکرتێری حیزبی سۆسیالدیموکراتی کوردستان(محەممەد حاجی مەحموود) و وەزیری پێشمەرگە (مستەفا سەیدقادر)، یاوەری (سەرۆك بارزانی) بوو لەو سەردانەیدا. لەوەتەی جەنگی دژ بە داعش بەرپا بووە و هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، (سەرۆك بارزانی) بەردەوام سەردانی میحوەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كردووە و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكاندا كۆ بووەتەوە.
بڵند ئبراهیم




