٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان: وەك براگەورە لە هەرێمی كوردستان دەڕوانین.. پێشمەرگە، كۆبانیی لە كۆمەڵكوژی رزگار كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.inf- نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەولێر (فەتحوڵڵا حوسێنی) رایدەگەیەنێت، بە هۆی بۆردوومانی پێشمەرگەوە، داعش لە كۆبانی رادەكەن و پێشمەرگەیش كۆبانیی لە كۆمەڵكوژی رزگار كرد.

كۆبانی، ئەو شارە كوردییەی كە، سەرتاپا كەوتە ژێر هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە، بە دەیان هەزار كوردی ئەو ناوچەیە، لە ترسی هێرشەكانی داعش رایان كرد، بەڵام بە فەرمانی (سەرۆك بارزانی)، پێشمەرگە چوونە كۆبانی و لە ئێستادا بە هۆی بۆردوومانی هێزی پێشمەرگەوە، تیرۆریستانی داعش توانای بەرگرییان نەماوە.
پێوەست بەم پرسەوە، نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان (فەتحوڵڵا حوسێنی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، " لە كۆبانی شەڕێكی سەخت هەیە، بەڵام دوای چوونی هێزی پێشمەرگە، شەڕەكە لە بەرژوەندیی كورددایە و، پلانێك لە ئارادایە كە، هەموو ناوچە كوردییەكان لە داعش پاك بكرێنەوە، لە ئێستایشدا ئامادەكاریی باش لەلایەن شەڕڤانە كوردەكان بە هاوكاری پێشمەرگە، كراوە كە كۆبانی بە تەواوی ئازاد بكرێتەوە".
نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوا، باس لە كاریگەریی پێشمەرگە دەكات بۆ كۆبانی و دەڵێت، داعش لە ترسی بۆردوومانی پێشمەرگە، رادەكەن. وەك ئاماژەی دا، "چوونی پێشمەرگە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو، لە ئێستادا هاوسەنگیی دروست كردووە، داعش چەكی قورسی هێنابوو، هێزی پێشمەرگەیش بە چەكی قورسەوە هاتووە، داعش داینابوو كۆمەڵكوژی لە كۆبانی دروست بكات و، بیكاتە پایتەختی خەلافەتی خۆی، بەڵام دوای چوونی هێزی پێشمەرگە توانییان زۆرینەی بارەگاكانی داعش تێك بدەن و، داعش نازانێت چۆن لە ترسی بۆردوومانەكانی هێزی پێشمەرگە رابكات".

نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان، دەشڵێت، كردەوە و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان، هەڵوێستێكی براگەورانەیە بەرامبەر برای بچووكی خۆی و، هەڵوێستێكی كوردانە بوو، بەرپرسیارەتییەكی میژوویشی ئەدا كرد، هەروەها هەرێم، ئازارەكانی رۆژئاوای كوردستانی درك پێ كرد كە، لە شۆڕشێكدایە و لەلایەن وڵاتانی هەرێمییەوە كراونەتە ئامانج.
لە كۆتایی لێدوانەكەیشیدا، (حوسێنی) رایدەگەیەێت كە،  هەرێمی كوردستان بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، بە ئەركی خۆی هەڵسا، ئەم هەڵوێستەی ئەگەر پێشێلكاریی دەستووری عێراقیش بێت، بەڵام هەرێم ئەركی خۆی بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان بەجێ گەیاند.
جێی ئاماژەیە، كۆبانی لەناوی كۆمپانیایەكی ئەڵمانی هاتووە كە لە ساڵی 1912 هێڵێكی شەمەندەفەری خێرای لەو دەڤەرە دروست دەكرد، زیاتر لە 350 هەزار كەس لێی دەژین، 400 گوندی لەسەرن و 150 كم لە حەلەب دوورە و 30 كم لە رۆژئاوای ڕووباری فوراتە.

بڵند ئیراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار