٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگای هەولێر كەمپێك لە عەینكاوە دروست دەكات.. هەزار خێزانی ئاوارە لە خۆ دەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە ناحیەی عەینكاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دەست بە دروستكردنی كەمپێك بۆ نیشتەجێكردنی ئاوارە كریستیانەكان كرا و لە كەمپەكەیشدا 1000 خێزانی ئاوارە نیشتەجێ دەكرێن.

ژمارەی ئاوارەكانی عەرەب و رۆژائاوی كوردستان و كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستاندا، لە  2 ملیۆن كەس نزیك بووەتەوە، لە پارێزگای هەولێریش نزیكەی ملیۆنێك ئاوارە هەن و كریستیانەكانیش یەكێك لەو پێكهاتەیەن كە بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە، ژمارەیەكی زۆر روویان كردووەتەوە سنووری پارێزگای هەولێر و لە عەینكاوە نیشتەجێن.
بە هۆی زۆریی ژمارەی كریستیانەكانەوە كە لە نێو كڵێسا و قوتابخانەكانی عەینكاوەدا نیشتەجێن، ئەمڕۆ لە عەینكاوە بڕیاری دروستكردنی كەمپێك درا كە تایبەت بە نیشتەجێكردنی كریستیانەكان بێت.
ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی)، بە یاوەریی شاندێك لە بەڕێوەبەرانی ئیدارەی هەولێر، سەردانی سنووری ناحیەی عەینكاوەی كرد، لەوێدا پڕۆژەی دروستكردنی كەمپەكەی بەسەر كردەوە. كەمپەكە، بە شێوەی كەرەڤانە دروست دەكرێت و لەماوەی 45 رۆژ-دا كارەكانی تەواو دەكرێت و 1000 خێزانی ئاوارەی كریستیانەكانی تێدا نیشتەجێ دەكرێن.
تێچووی دروستكردنی پڕۆژەكە لە ئەستۆی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقە و لەلایەن بەڵێندەری نێوخۆییشەوە شەقام، تۆڕی ئاو، ئاوەڕۆ، قوتابخانەی بۆ دروست دەكرێت.
پاش تەواوكردنی ئەو كەمپە، ژمارەیەك كریستیانی نیشتەجێی نێو كڵێسا و قوتابخانەكانی نێو شارەدێی عەینكاوەی لێ نیشتەجێ دەكرێن.
جێی ئاماژەیە، لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەیەكی زۆری كەمپ بۆ ئاوارەكان دروست كران و كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا و نێو مووسڵیش، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەردەوام روویان لە هەولێر كردووە، لە ئێستایشدا بە هۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعشەوە بۆ ناوچەكانیان، ژمارەكە لە هەولێر زێتر بووە.
كەنعان بەهادین

 

هەواڵی پەیوەندیدار