پێشمەرگە لە چیای شنگال 4 ئافرەتی دیکەیان رزگار کردن

شنگال-تایبەت بە KDP.info- بە هەوڵی لقی 17-ی پارتیی دیموکراتی کوردستان و دوای گەییشتنی زانیارییەکان، هێزەکانی پێشمەرگە لە چیای شنگالەوە 4 ئافرەتیان لە دەستی تیرۆرستانی داعش رزگار کردن.
بەرپرسی لقی 17-ی پارتی دیموکراتی کوردستان (سەعید شنگالی)، بۆ kdp.info ڕایگەیاند، "دوێنێ دوای ئەوەی زانیاریمان بە دەست گەییشت کە چوار ئافرەت لە زیندانییەکی تیرۆریستانی داعش هەڵاتوون، هێزەکانمان ئامادەکارییان کرد تاکو بە رێگایەک گەیەنرایە نزیک ئێمە لە چیای شنگال، کە ماوەی شەش سەعاتیان پێ چوو".
(شنگالی) گوتیشی، "ئەو چوار ئافرەتە دوای گەییشتنیان بۆ لای ئێمە پاش حەسانەوەیان و پێدانی خواردن، پاشانیش تیمی تەندروستی لە تەندروستیی ئەو چوار ئافرەتەیان کۆڵییەوە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستییان، ئیستایش لە لای هێزەکانی پێشمەرگەن و شوێنیان بۆ دابین کراوە، دواتریش لە چیای شنگالەوە بۆ شاری دهۆک ڕەوانە دەکرێن تا بە کەسوکاریان شاد ببنەوە".
ئاماژەیشی دا کە، "پێشتریش 51 یەک ئافرەت و منداڵمان رزگار کردن و هەوڵەکانیشمان بۆ رزگارکردنی تەواوی ئەوانی دیکەیش، بەردەوام دەبن".




