یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی: دەبێت هەموو تاكێكی هەرێم شانازی بە بەهێزیی سەرۆكەكەیانەوە بكەن

هەولێر-KDP.info- یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەڵێت، رۆڵی سەرۆكی هەرێم لە یەكخستنی دید و بۆچوونەكانی هەمووان و یەكخستنی ریزەكان و پتەوكردنی بەرنامەی هاریكاریی یەكتری و راكێشانی متمانەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، چاوەڕوانی باشتری لێ دەكرێت و رۆڵی جوانیشی لەم بارەیەوە گێڕاوە. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، دەبێت هەموو تاكێكی ئەم هەرێمە شانازی بكەن بەوەی سەرۆكەكەیان بەرگریكارێكی بەهێزە لە هەمووان و لە خەمی چاكسازییەكی جددیی ئەم هەرێمەدایە.
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (د. محەممەد ئەحمەد) گوتی، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیویەتی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان هاوسەنگانە رابگرێت، كە ئەوە جێگەی رێزە و چاوەڕێی زیاتریشی لێ دەكەین، دەبێت فراوانتریش مامەڵە بكات و هەموو تاكێكی ئەم هەرێمەیش شانازی بكەن بەوەی سەرۆكەكەیان بەرگریكارێكی بەهێزە لە هەمووان، هەروەها لە خەمی چاكسازییەكی جددیی ئەم هەرێمەدایە، بەو شێوەیە جەماوەری خەڵكی كوردستان دەبێت لە دەوری سەركردایەتیی گشتی و سیاسیی خۆی كۆ ببێتەوە، كە توانیومانە حكوومەتێكی یەكگرتووانەی هەرێم دابمەزرێنین، لە پاش ئەو دابەشبوونی نفوزەی كە لەناو هەرێمی كوردستان دروست بوو، توانراوە ئەو رۆڵە گەورەیە بگێڕێت".
(د. محەممەد) دەشڵێت، "رۆڵی سەرۆكی هەرێم چاوەڕوانی باشتری لێ دەكرێت لە یەكخستنی دید و بۆچوونەكانی هەمووان و، یەكخستنی ریزەكان و پتەوكردنی بەرنامەی هاریكاریی یەكتری و راكێشانی متمانەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و رۆڵی جوانیشی لەم بارەیەوە گێڕاوە، بەقەد ئەوەندی بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆیدایە، تا بتوانێت تەواوی گەلی كوردستان بخاتە خزمەتی پرۆسەی سیاسی، دەبێت زۆرتریش كراوە بێت بە رووی هەموو خەڵكی كوردستاندا و رۆڵی چارەسازی ببینێتەوە بۆ كێشەكان، شتێك بكات هەر كێشەیەك بگاتە لای، ئەو ئیتر كۆتایی بە كێشەكە بهێنێت، هەمووان دڵنیا بن لەوەی ئەو بۆ گشتە و هەموو خەڵكی كوردستانیش بۆ ئەو دەبن".




