پەرلەمانتارێك: هەرێم بە كردار هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی دەنێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەرێمی كوردستان جیددییە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی ئابوورییەكی سەربەخۆ، بۆ ئەم مەبەستەیش هەنگاوی كرداریی ناوە.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان (عەلی هالۆ)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "ئەوەی لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا بۆمان ڕوون بووەوە ئەوەیە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جیددی بەرەو سەربەخۆیی ئابووری دەنێت، ئەمەیش بە كردارە نەك تەنیا قسەكردن، چونكە تا كۆتایی ئەمساڵ رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوە دەگەیەندرێتە 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا و لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی نوێیشدا، رۆژانە 600 تا 650 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت".
(هالۆ) گوتیشی، "بەم شێوەیە هەرێمی كوردستان دەتوانێ بەو پارەیە پێداویستیی خۆی دابین بكات و ئەگەر كەمتریش بێت لەو بودجەیەی لە عێراقەوە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت، پەرلەمانتار و خەڵكی هەرێمی كوردستان پێی رازین، چونكە بوونی ئابووریی سەربەخۆ باشترە لەوەی جارێكی دیكە قەدەری خۆمان رادەستی بەغدا بكەین".
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر ڕوونی كردەوە، "حكوومەت و پەرلەمان گەشبین نەبوون لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام گفتوگۆ پێویستە و كێشەكانیش لەو رێگەیەوە چارە دەكرێن و عەقڵییەتی مەركەزی و كولتووری سیاسییەكانی عێراق، رێگرە لەوەی ئەو كێشانە چارە بكرێن".
ئاماژەیشی دا كە، لە رۆژانی داهاتوودا وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و دواتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دەدات كە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن یاخود نا، چونكە تاوەكو ئێستا بەغدا هیچ نیازپاكییەكی پێشان نەداوە.
دەشڵێت، پێشتر زۆر دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەكرانەوە كە گوایە كڕیاری نەوتی هەرێم نییە و پارەی نەوت رەوانە ناكرێت، ئەمانە هەمووی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازەوە رەت كرانەوە و نەوت دەفرۆشرێـت و پارەكەیشی بۆ هەرێم دەگەڕێـتەوە و هیچ كێشەیەكیش نییە، ئەمەیش هەندێك كارتی زۆر بەهێزی هەرێمن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا.
بڵند ئیبراهیم




