٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی مووسڵ بۆ هەولێر دەنێرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی بانكی ناوەندیی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان رەوانە ناكات.

جێگری بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندیی هەرێمی كوردستان (ئەحمەد خدر)، بە kdp.info-ی راگەیاند، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی مووسڵ بۆ هەرێم رەوانە دەكات، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت.

(ئەحمەد خدر) گوتیشی، پارەی فەرمانبەرانی مووسڵ كە لە ژێر دەستەڵاتی داعش هەڵاتوون، لە بەغداوە دەخرێتە سەر حیساب بانكی ناوەندیی كوردستان و لێرە مووچەكانیان پێ دەدرێت، نوێنەریان هەیە لێرە دێن و مووچەكانیان وەردەگرن، مووچەی مانگی 10-یان وەرگرتووە.

جێگری بەرێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندیی هەرێمی كوردستان هەروەها ئاماژەی دا، "مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كە لە مووسڵ ئاوارە بوونە و لە هەولێر و دەوروبەری نیشتەجێن، مووچەكانیان لە بەغداوە دەخرێتە سەر حیسابی بانكی ناوەندیی ئێمە و ئێمەیش مووچەكانیان پێ دەدەین، ئەوانیش هیچ دەوام ناكەن و مووچەیش وەردەگرن، كەچی یەك دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە ناكەن".

(ئەحمەد خدر) راشیگەیاند كە، لە لەیەن حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندییەوە بە چەند شێوەیەك پارە دەخرێتە سەر حیسابی بانكی ناوەندیی هەرێم.

گوتیشی كە، پارەی گەنمی جووتیاران، پارەی جەوازات، پارەی بەشەخۆراكی فەوتاوی هاووڵاتیان، دەنێردرێت و ڕەوانە دەكرێت، بەڵام هیچ پارەیەكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان رەوانە نەكردووە.

یەحیا سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار