مینا سامی: یەكێتی و گۆڕان رێكکەوتنی پۆستەكانی سلێمانییان وابەستەی هەڵەبجە كردووە

سلێمانی-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (مینا سامی)، وێڕای ئەوەی دواخستنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە نایاسایی ناو دەبات، دەشڵێت، یەكێتی و گۆڕان، رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی، وابەستەی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە كردووە.
بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت هەردوو لیستی گۆڕان و یەكێتی، ئەمڕۆ بۆ جارێكی دی، كۆبوونەوەكە، بۆ دوا خرایەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی(مینا سامی)، بە KDP.info-ی راگەیاند، دواخستنەكە، لەلایەن یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و، بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی نەگەییشتن بە رێككەوتن لەسەر پۆستی پارێزگار، راگەیندرا، بێ ئەوەی ئەندامان ئاگادار بكرێنەوە، تەنیا بە رێگەی تەلەفون، سەرۆكلیستەكانیان، ئاگادار كردووەتەوە.
(مینا سامی) گوتیشی، دواخستنی كۆبوونەوە بەم شێوەیە، یاسای نییە، چونكە پێویستە كۆبوونەوە ئەگەر وادەی بۆ دانرابێت، لە رێگەی دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ دوا بخرێت، بەڵام لیستەكان لەنێو خۆیاندا لەبەر ئەوەی یەكێتی و گۆڕان، نەگەییشتوون بە رێككەوتن، كۆبوونەوەكەیان دواخست.
(مینا) ئاماژەی دا، "یەكێتی و گۆڕان، داوای كاتی زیاتریان بۆ رێككەوتن كردووە، چونكە ئەو پرسەیان، وابەستەی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە كردووە، بۆیە كۆبوونەوەكەیان، جارێكی دی بۆ 25 ئەو مانگ دواخست.
بڕیار بوو سبەی 11/11/2014، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆ ببێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە بری بەیانی بڕیاریان لەبارەوە دا و، دوایان خست.
KDP,info




