سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا: هەوڵ دەدەین بنكەیەكی مەشق و راهێنان بۆ پێشمەرگە بكەینەوە

KDP.info، سەرۆك ئەركانی سوپای ئیتاڵیا، لە هەرێمی كوردستانەوە رایدەگەینێت، كە هەوڵ بۆ كردنەوەی بنكەیەكی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە لە هەولێر دەدەن، هاوكات سەرۆكوەزیرانی كوردستان، داوای لە ئیتاڵیا بوو، كە چەكی قورس و یارمەتیی زیاتر پێشكەشی هەرێم بكەن.
ئیتاڵیا، وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكیەتیی ئەورووپا و، هاوپەیمانێكی هەرێمی كوردستان، بۆ لەنێوبردنی تیرۆریستانی داعش، بەرپرسە باڵاكانیان لە سەردانی هەرێمی كوردستان، بەردەوامییان هەیە. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەیش، بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی كرد، ئەویش سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا (ئەدمیراڵ لویگی بینێڵی مانتێڵی) بوو، كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)یەوە، پێشوازی لە خۆی و شاندێكی باڵای یاوەری كرا كە، لە ژمارەیەك پلەدار و، ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای ئیتاڵیا، پێك هاتبوون.
لە دیدارەكەدا، وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا و، شاندی یاوەری، سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی ئیتاڵیای كرد كە هەر لە سەرەتاوە پشتگیرییان لە پێشمەرگە كرد و، بەشدارییان لە شەڕی دژی بە تیرۆردا كرد. هەروەها، سەرۆكوەزیرانی كوردستان، ئەم هەڵوێستەی ئیتاڵیای بۆ هەرێمی كوردستان، بەرز نرخاند و دووپاتی كردەوە، بە هاوكاریی هێزی هاوپەیمانان و پشتبەستن بە قارەمانەتی و خۆڕاگریی پێشمەرگە، دەتوانن شكست بە پیلان و بەرنامەی تیرۆریستان ببەن و، هەرێمی كوردستان لە هەر مەترسییەك بپارێزن. (نێچیرڤان بارزانی)، جەختی كردەوە كە، تیرۆر بۆ هەموو گەل و نەتەوەیەك لە سەرتاسەری جیهان هەڕەشەیە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان پێویستی بە هەوڵێكی هەمەلایەنە هەیە.
هاوكات، تیشكی خستە سەر كاریگەریی هاوكارییە سەربازییەكانی حكوومەتی ئیتاڵیا و، ڕایگەیاند: "ئێمە بە بایەخەوە دەڕوانینە هەموو ئەو هاوكارییە سەربازیانەی گەییشتووەتەوە دەستی پێشمەرگە، لەگەڵ مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لە ئیتاڵیا. بەهۆی فراوانیی سنووری شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، پێویستمان بە یارمەتیی زیاتری سەربازی هەیە وەك چەكی قورس، دژەتانك، ئامێری پێشكەوتووی دۆزینەوەی مین، بۆمبی چێنراو و تەقەمەنی. هەروەها كردنەوەی سەربازگەیەك بۆ مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لەسەر چەكە پێشكەوتووەكان".
سەرۆكوەزیرانی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە، هەرێمی كوردستان شانازی دەكات كە، بەبێ جیاوازی، پارێزگاری لە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان دەكات و تیشكی خستە سەر ئەوەیش كە، ئێستا هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن ئاوارەی نێوخۆیی و، پەنابەری سووریا.
(نێچیرڤان بارزانی)، راشیگەیاند، "وەك حكوومەتی هەرێم ئەوەی لە تواناماندا بووبێت لە كۆمەك و هاوكاری و شوێنی نیشتەجێكردن، بۆ ئاوەرەكان كردوومانە، هاوكات ژمارەیەك لە وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، ڕۆڵیان لە كەمكردنەوەی ئەو كارەساتە مرۆییەدا بینیوە، بەڵام بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و زۆریی ژمارەی ئاوارەكانەوە، هەرێمی كوردستان، داوا لە ئیتاڵیا و تەواوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات لە یارمەتیدان و كۆمەككردنی ئاوارەكان، بەردەوام بن."
دەربارەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیایش، سەرۆكوەزیرانی كوردستان، ئاستی پێوەندییەكانی، بە مێژوویی و گرینگ وەسف كرد و، هیوای خواست پێوەندییەكانی هەردوو لا لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ئابووری و كەرتە جیاكانەوە، بچنە قۆناخی پێشكەوتووترەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ڕەخساندنی ئەم كۆبوونەوەیە، ستاییشی ڕۆڵ و قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە، بەرگری لە ئارامی، سەقامگیری و تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان، دەكات. دەشڵێت: ئەوەی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستاندا كردوویەتی، كارێكی گەورە و، دەستكەوتێكی مەزنە.
دەربارەی پشتگیریكردنی هێزەكانی پێشمەرگەش، سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا بەردەوامیی هاوكاریكردنی پێشمەرگەی دووپات كردەوە و ڕایگەیاند، كار بۆ دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو بۆ پێشمەرگە دەكات. هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە لە مەشقپێكردنی پێشمەرگە لە ئیتاڵیا بەردەوام دەبن و، هەوڵ دەدەن بنكەیەكی مەشقپێكردنی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە. وەك چۆن ئیتاڵیا ئامادەیە هاوكاری و مەشق و ڕاهێنان پێشكەش بە سوپای عێراقیش بكات.
لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكوەزیران، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ، سوپاسالاری عێراق، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق و، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا، ئامادە بوون.




