٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: کۆنترۆڵى نەوتی کوردستان ڕادەستی سۆمۆ ناکەین.. ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێك نەكەوتین چارەسەری دیمان هەیە

سەرچاوە: KDP.info
لایەنێکی پرێسکۆنفڕاسی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی.

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، لە ئەولەویەتی حكوومەتە لەگەڵ بەغدا بە بگەنە رێككەوتن، بەڵام ئەگەر ئەمە نەكرا، ئەوا چارەسەری دیكەیان هەیە. هاوكات دەشڵێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق تا ئێستا پابەندی بەڵێنەكانی نەبووە. ئاماژەی بەوەش دا کە تا مانگی سێی 2015، هەرێم دەتوانێ ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم ده‌هات، کە لە 11% تێناپەڕێت، له‌ ڕێگه‌ى فرشتنى نه‌وته‌وه‌ پڕ بکاتەوە.

 

دواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014ى لیژنه‌ى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا تیشكیان خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌.

 

هەرێم بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵی نەوتی هەرێم ناداتە دەست سۆمۆوە

سه‌ره‌تا سەرۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى) ڕاگەیاند، هەرێم بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵی نەوتی خۆی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ ناکات. ئاماژەیشی بەوە دا کە حکوومەتی عێراق بەبێ هەرێم ناتوانێ نەوتی کەرکووک هەناردە بکات. هه‌روه‌ها گوتى: "هیوادارین کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن، بەڵام لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیش، حکوومەتی هەرێم چارەسەری دیکەی هەیە. جه‌خیشى کردەوە، کە بازرگانیکردن لەگەڵ داعش خیانەتی نیشتمانییە."

 

(نێچیرڤان بارزانی)، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند  "کاتێک حکوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، ئێمە هیچ نەوتێکمان هەناردە نەکردبوو، ئەوان تاکلایەنانە بڕیاری خۆیان دا"، ڕایشیگەیاند، هەرێمی کوردستان دەبێ میکانیزمێک دابڕێژێت کە ئەو دۆخە جارێکی دیكه‌ دووپات نەبێتەوە. دووپاتیشى کردەوە هەرێم بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵی نەوتی هەرێم ناداتە دەست سۆمۆوە.

 

هاوکات ئاماژەی بەوە دا "لە مانگی یەکەوە کە مووچەی هەرێم لە بەغداوە نەهاتووە، هەتا ئێستا بەو سیاسەتەی  داماناوە، هەتا ڕادەیەکی زۆر مووچەی فەرمانبەرانمان دابین کردووە." (نێچیرڤان بارزانی) هیوایشی خواست، لە ماوەیەکی کورتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان وا بکات کە مەسەلەی پێدانی مووچە نەبێتە هەواڵی ڕاگەیاندنەکان، دڵنیایی خۆیشی ڕاگەیاند، کە حکوومەتی هەرێم بەو ئاستە دەگات.

 

ئەمەریکا و یوئێن، لە بێبەڵێنیی بەغدا نیگەرانن

لە لایەکی دیکەشەوە جێگری سەرۆکوه‌زیران (قوباد تاڵەبانی) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەمه‌ریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی ئەو دۆخەن و، گوشارێکی زۆریش بۆ حکوومەتی عێراق دەهێنن، بۆ ئەوەی پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتدا بە هەرێمی کوردستانیان داوە."

 (قوباد تاڵەبانی) گوتیشی "بەردەوام لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە پەیوەندیداین و، نیگەرانیى خۆیشمان بە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕاگەیاندووە."

 

بێگومان ڕێگەچارەی دیکەیش هەیە

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سه‌رۆكوه‌زیران (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند: "ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چارەسەرێک لەگەڵ بەغدا بدۆزێتەوە، ئێمەیش پێمان وایە باشترین چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ بەغدا ڕێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لەو دۆخە بدۆزینەوە." ڕشکاوانەیش گوتی كه‌ "ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێک نەکەوتین، ئەوە مانای ئەوە نییە چارەسەرێکی دیکە نەبێت، بێگومان ڕێگەچارەی دیکەیش هەیە، بەڵام ئەولەویەتی هەرێم  ئێستا ئەوەیە، لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەرێکی هاوبەش."

 

هه‌روه‌ها گوتى: "هیوادار بووین له‌ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و وەزیره‌ نوێیه‌که‌ی نه‌وت، سیاسەتێکی نوێ و بەرچاوڕوونییەکی نوێتریان لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی کێشەکان هه‌بێت، ئێستایش ئەو هیوایەمان هەیە کێشەکان چارەسەر بن." ئاشکرایشی کرد كه‌ بڕیار وایە وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێم بکات و گوتی: "چاوەڕێی ئەو دیدارە دەکەین و دوای ئەوە بڕیار لەسەر کاتی چوون بۆ بەغدا دەدەین."

 

هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ کە هەرێمی کوردستان هەتا کۆتاییی 2015 دەتوانێ بەشەبودجەی 17%ی ڕاسته‌قینه‌ى خۆی پڕ بکاتەوە و ڕایگەیاند، بەغدا سه‌روه‌رى لە بەشەبودجەی هەرێم جیا دەکاته‌وه‌، دوای ئەوەیش تێچووەکانی حاکیمەیش جیا ده‌كاته‌وه‌، ئینجا بودجه‌ى هەرێم دادەنێت، ئەوەیش لە کاتێکدایە کە هەرێم بەشێکە لە سه‌روه‌ریى عێراق و، پێشمەرگەی هەرێم بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق.

 

 سەرۆکوەزیران گوتیشی، ئەمڕۆ پێشمەرگە لە هەندێک شوێن ماوەتەوە، کە ئەگەر بۆ پاراستنی خاکی هەرێم بێت، پێویست ناکات لەو شوێنانە بمێننەوە، بەڵام بەوانەیشەوە پێشمەرگە وەکوو بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق حیسابی بۆ نەکراوە. ئاماژەی بەوەش دا کە تا مانگی سێی 2015، هەرێم دەتوانێ ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم ده‌هات، کە لە 11% تێناپەڕێت، له‌ ڕێگه‌ى فرشتنى نه‌وته‌وه‌ پڕ بکاتەوە.

 

سەبارەت بە دیدارى ئه‌مڕۆى پارێزگای کەركووكیش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران، ڕایگەیاند ئەوان بەردەوام پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. گوتیشی: "به‌ڕێز پارێزگاری کەركووك سەردانی تورکیا دەکات  و، بەر لە چوونی بۆ تورکیا، هاتبووە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ ئێمە بکات و، تێبینییەکانی ئێمە وەربگرێت."

 

بازرگانیکردن لەگەڵ داعش بە خیانەتی نیشتمانی دەزانین

سەبارەت بە ده‌نگۆى بازرگانیکردن لەگەڵ داعش بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "بازرگانیکردن لەگەڵ داعش بە خیانەتی نیشتمانی دەزانین". لەگەڵ ئەوەش ڕایگەیاند، "لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی هەندێک ناو دەکرێت، بەڵام تا ئێستا یەکلا نەبوونەتەوە." هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر به‌ جیددى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ڕاده‌وستێت و ده‌بێ تاوانبارن جا هه‌ر كێ بن، به‌ سزاى یاساییى خۆیان بگه‌ن.

 

ده‌رباره‌ى ئەو فڕۆکەیەیش كه‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو لە سلێمانی مۆڵەتی نیشتنەوەی پێ نەدرا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "هەر فڕۆکەیەک بۆ هەولێر و سلێمانی دێت، دەبێت مۆڵەتی نیشتنەوەی لە بەغدا پێ بدرێت، بەڵام ئەو فڕۆکەیە مۆڵه‌تی نەبووە، هەر بۆیەیش لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕێگه‌ى نیشتنەوەی پێ نەدراوە و، دوای ئەوە فڕۆکەکە چووەتە بەغدا و ئاگادار نین لە بەغدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە."

پێوەست بە نرخی بەنزینیش ڕایگەیاند، "خوازیارى ئه‌وه‌ین كه‌ نرخه‌كه‌ى كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه ‌ئێستا و له‌م بارودۆخه‌دا حکوومەتی هەرێم ناتوانێ نرخی بەنزین کەم بکاتەوە."

 

هاوکات جێگری سەرۆکوه‌زیرانى هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوه‌ قه‌رز وه‌رگرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌یاسایه‌كى ناردووه‌ته‌ په‌رله‌مان و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە."

 ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ پەسەندکردنی ئەو یاسایە، حکوومەتی هەرێم دەتوانێ لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا داوای قەرزی نێودەوڵەتی بكات. ئاشکرایشی کرد، لەگەڵ شاندێکی حکوومەت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ردانى ئیمارات و بەریتانیاى كردووه‌، بۆ ئەوەی لە هەندێک بانکی نێودەوڵەتی داوای قەرز بكه‌ن، تا ئەو پارەیە ببێته‌ داهاتێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان. گوتیشی، ئەوان قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەران وەرناگرن، بەڵکو بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژەی ستراتیژی بە کاری دەهێنن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار