٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەیار دۆسكی: داوامان لە حكوومەت كرد كۆنتڕۆڵی نەوت لە دەستی كورد بێت...2015 كۆتایی گرفتی دارایی هەرێمە

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆکوەزیران لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.info-  ئەندامی سەرچاوە سرووشتییەكان لە پەرلەمان (بەیار دۆسكی)، بەشێك لە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرا دەكات و دەڵێت، داوامان لە حكوومەت كرد، كۆنتڕۆڵی نەوتی هەرێم لە دەست كورد بێت و، حكوومەتیش بەڵێنی دا، ئەم راسپاردەیە بنەمای گفتوگۆی شاندی دانوستكاری كورد لەگەڵ بەغدا دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی(بڵند ئیبراهیم)ـی پەیامنێریKDP.INFO، لە پەرلەمانی كوردستان، كە تا ئامادەكردنی ئەم ریپۆرتە (5:30 ئێوارە) كۆبوونەوەی پەرلەمان، بەردەوامی هەبووە و، پەرلەمانتاران و حكوومەت، بە گوێرەی تاوتووكردنی نەخشەڕێی ئابووریی هەرێم، ساڵی 2015 بە ساڵی كۆتاییی گرفتی دارایی هەرێم رادەگەیەنن كە، چیتر پێویستیان بە بودجەی بەغدا نابێت.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، لەبارەی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی دارایی و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمان، پێشكەش كرا و، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆرلەو راپۆرتە رازی بوو.

پێوەست بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان (بەیار دۆسكی)، بە KDP.infoـی راگەیاند كە، دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، هەموو لایەنەكانی پەرلەمانی كوردستان گەییشتنە ئەو باوەڕەی كە، سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان دروست و شەفافە، بەڵام لیژنەكەی ئێمە باسی لەوە كرد کە، پێویست بوو حكوومەت هەر سێ پڕۆژەیاسای فرۆشتنی نەوت، داهاتی نەوت و كانزاكانی رەوانەی پەرلەمان بكردبا، بۆ ئەوەی بە زوویی پەسەند بكرێن و ئەو پرسەیش بە دامەزراوەیی بكرێت، گوتیشی کە سەرۆكی حكوومەتیش بەڵێنی دا، بە زووترین كات، ئەو یاسایانە رەوانەی پەرلەمان بكرێن.

(بەیار دۆسكی)، روونیشی كردەوە، لە راپۆرتەكەی پەرلەماندا، باس لە هەموو كێشەكانی پێوەست بە بودجە كرا و، بە پێویست زانرا، حكوومەتی بەغدا 17%ـی بەشەبودجەی هەرێم، بەبێ ئەوەی نەفەقاتی سیادی لێ دەربكات، بۆ هەرێمی بنێرێت، چونكە ئەمە مافێكی دەستووریی هەرێمی كوردستانە.
(دۆسكی)، سەبارەت بە نرخی بەنزینیش، كە داوا كرا نرخەكەی كەم بكرێتەوە گوتی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان، پێی ڕاگەیاندوون، لە ئێستادا ناتوانرێت نرخ كەم بكرێتەوە، بەڵام هەر كاتێك گرفتی دارایی چارەسەر بكرێت، ئەو نرخەیش كەم دەكرێتەوە.
(بەیار دۆسكی)، نەخشەڕێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی بۆ چارەسەری گرفتی داراییی هەرێم باس كرد كە، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێم (ئاشتی هەوارمی)، پێی گوتوون، لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا (2015)، گرفتی داراییی هەرێم بە تەواوەتی چارەسەر دەبێت و هەرێم پێویستی بە بەغدا نامینێت، هاوكات مووچەی فەرمانبەرانیش، لە داهاتی نەوت، خەرج دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان ئاماژەیشی دا، لە كۆبوونەوەكەدا بە پێویست زانرا، كۆنتڕۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دەست بەغدا نەبێت و، هەرێم خۆی سەرپەرشتی بكات، بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بە ئابووریی خۆی بدات.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا (بەیار دۆسكی) رایگەیاند، هەموو ئەو پێشنیاز و، راسپاردانە لەلایەن حكوومەت و پەرلەمانەوە پەسەند بوون، سەرۆكوەزیرانی كوردستانیش، باسی لەوە كرد کە ئەمانە دەكرێنە بنەمای دانوستانەكانی شاندی كوردی بۆ بەغدا و، بایەخێكی زۆر دەدەینە ئەو راسپاردانەی لە راپۆرتەكەی پەرلەماندا هاتوون.

جێی ئاماژەیە لە سەعات 11ـی نێوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممەوە، پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، كۆ بووەوە.

KDP.info

هەواڵی پەیوەندیدار