٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە دەستبەتاڵی گەڕانەوە.. قایمقامی پێشووی شنگال: پەكەكە و یەكێتی شاندەكەی كوردانی ئێزدییان بۆ ئەمەریكا بە حیزبی كرد

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  قایمقامی پێشووی قەزای شنگال، ئاشكرای دەكات كە، شاندێكی ئێزدی لەلایەن ئەوانەوە رێك خرابوو، تا لە ئەمەریكا لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا و دامەزراوەكانی دی، كۆ ببێتەوە، بەڵام لە لایەن پەكەكە و یەكێتییەوە، بە حیزبی كرا و، لە ئەمەریكا پێشوازی لە شاندەكە نەكرا، هەر بۆیە شاندەكەیان بە دەستبەتاڵی گەڕانەوە.

بڕیار وابوو، شاندێكی راستەقینەی ئێزدییەكان، بە مەبەستی سازدانی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا، سەردانی ئەمەریكا بكەن و، شاندەكە تەنیا مەبەستی سەرەكی خزمەت گەیاندن بێت، بە گەیاندنی پەیامی راستەقینەی ئێزدییەكان، بەڵام وەك قایمقامی قەزای شنگال ئاشكرای كردووە، بەرنامەی شاندەكە بەحیزبی كرا و، نوێنەری پارتیی كرێكارانی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، خۆیان كردە دەمڕاستی شاندەكە و بە حیزبی كرا، لە كاتی سەردانیشیان بۆ ئەمەریكا، بەبێ دەستكەوت و بە دەستبەتاڵی گەڕاونەتەوە.
  قایمقامی پێشووی قەزای شنگال، (دەخیل قاسم حەسوون) بە kdp.infoـی راگەیاند، "بڕیار بوو، شاندێكی كوردانی ئێزدی سەردانی ئەمەریكا بكات، كە بە نوێنەرایەتیی هەموو كوردانی ئێزدی، خۆم و (د.مەمۆ) كە پێشووتر لە حكوومەتی هەرێم لە پشكی پارتی وەزیر بوو، ئەندامی ئەو شاندە بووین. لەلایەن (د.مەمۆ) ئامادەكاریی تەواو بۆ سەردانەكە رێك خرابوو، بەرنامەكە وابوو كە دیدار لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا و كۆنگرێس و وەزیری دەرەوە و دادگای فیدراڵ ساز بدەین، بەڵام كە بینیمان شاندەكە لەلایەن یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پەكەكەوە بەحیزبی كرا، ئێمە بەشداریمان لەو شاندەدا نەكرد، چونكە زانیمان بۆ مەبەستی كوردایەتی نییە و مەرامی حیزبیی لە پشتە".

(دەخیل قاسم) دەشڵێت، "ئامانجی بەحیزبیكردنی شاندەكە، پلانێك بوو دژی پارتیی دیموكراتی كوردستان دانرا بوو، تا نوێنەری پارتی لەو شاندە دوور بخرێتەوە."

ئاشكرایشی كرد کە، لە كاتی سەردانی شاندەكە بۆ ئەمەریكا، نەیانتوانییوە هیچ كەسێك ببینن و پێشوازیان لێ نەكراوە، سەردانەكەیشیان سەركەوتوو نەبوو، لەئێستایشدا بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، گەڕاونەتەوە.

قایمقامی پێشووی قەزای شنگال، روونیشی كردەوە، ئەگەر بە شێوەیەكی رێكوپێك ئەو سەردانە ئەنجام بدرایە، سوودی زۆری بۆ كوردانی ئێزدی دەبوو، بەڵام بە داخەوە رێگە نەدرا و بەحیزبی كرا، هەر بۆیە سەردانەكە هیچ ئەنجامێكی نەبوو.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار