هەفتەی داهاتوو 4 هەزار مامۆستا بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن

هەولێر-kdp.info- وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە پرۆسەی دامەزراندنی 4 هەزار مامۆستا بە شێوەی گرێبەست دەكەن و بۆ ئەو مەبەستەیش رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیان وەرگرتووە.
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی رابردوودا داوایەكی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كرد كە پێویستیان بە دامەزراندنی مامۆستا هەیە بە شێوەی گرێبەست و، لە ئێستایشدا ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی بۆ داواكەی وەزارەتی پەروەردە دەربڕیوە.
پێوەست بەو بابەتە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فاتیح مەولەوی زادە)، بە kdp.infoـی راگەیاند، پێشتر وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كردبوو شەش هەزار مامۆستایان بۆ دابمەزرێنێت، بەڵام لە ئێستادا وەك قۆناخی یەكەم رەزامەندی لەسەر چوار هەزار مامۆستا بە شێوەی گرێبەست دراوە و لە داهاتوویشدا دوو هەزار مامۆستای دیكە دادەمەزرێنن.
سەبارەت بە ئەولەوییەتی دامەزراندەكە، (مەولەوی زادە) دەڵێت، فۆڕمێك ئامادە كراوە و چەند مەرجێكی تێدا نووسراون، هەڵبەت ئەولەوییەتیش بۆ بەشە زانستییەكان دەبێت و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوویشدا، دەست بە پرۆسەی دامەزراندن دەكرێت.
(مەولەوی) دەشڵێت، "ئێمە زیاتر گرفتی كەمیی مامۆستامان لە دەرەوەی شار هەیە، بۆیە ئەو مامۆستایانەی دادەمەزرێن، لە دەرەوەی شار دەبن.
جێی ئاماژەیە، دامەزراندنی مامۆستا بە شێوەی گرێبەست، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دامەزراندنی فەرمی ڕاگیراوە، چونكە پێشووتر پشكی دامەزراندنی هەرێم لە 17%-ی دەوڵەتی عێراق دیاری دەكرا و لەلایەن پارێزگاكانی هەرێمەوە پرۆسەكە سەرپەرشتی دەكرا، بەڵام لەبەر پێویستیی قوتابخانەكان بە مامۆستایان، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم، پرۆسەی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست پێڕۆ دەكات.
بڵند ئیبراهیم




