بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابوورییە.. هەرێمی كوردستان پێنج ملیار دۆلار قەرز دەكات

هەولێر-KDP.info- بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەكان، بڕی پێنج ملیار دۆلار لە دوو بانكی نێودەوڵەتی قەرز بكات، پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیەنێت، بەو بڕەپارەیە و داهاتی نەوت، لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا كێشەكان چارە دەبن.
حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران و میزانییەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، ئەمەیش بارێكی قورسی خستووەتە سەر شانی هەرێمی كوردستان، بۆیە وەک ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی پیسەسازی و وزە (ئەڤین عومەر)، بۆ KDP.infoـی باس کرد، هەرێم بۆ دابینكردنی مووچە و بودجەی خۆی، دەبێت چەند سەرچاوەك بە كار بهێنێت، لەوانە قەرزی بانكی نێودەوڵەتی و بانكی هەرێمایەتی، لە كاتێكدا بەشێك لە وڵاتان باری داراییان جێگیرە، كەچی پەنا دەبەنە بەر قەرز كە ئەمە شتێكی ئاساییە لە جیهاندا ڕوو دەدات، بۆیە شتێكی نامۆ نییە و چارەسەرێكی كاتییە كە هەرێمی كوردستان پەنای بۆ دەبات و قەرزەكەیشی پێ دەدرێتەوە، چونكە وەبەرهێنانی باشی هەیە.
ئەو دەڵێ، "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان زیاد دەكات و ئەم بەرهەمهێنانەیش وا دەكات كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو باشتر بڕوات، هەرێمی كوردستانیش جگە لەوەی پێداویستیی ناوخۆی پڕ دەكاتەوە، وای لێ دێت كە دەبێتە خاوەنی سەقامگیریی ئابووری و چیتر پشت بە پارەی بەغدا نابەستێت".
(ئەڤین عومەر) ئاماژەیشی دا، "هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە ماوەیەكی كەم پارەی قەرزەكانی بداتەوە، چونكە لە پارەی فرۆشتنی نەوت دەتوانێت بڕێك بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە گل بداتەوە، لە رووی سیاسییشەوە زۆر باشە كە هەرێمی كوردستان مل بۆ گوشارەكانی بەغدا نەدات".
بە گوتەی (ئەڤین عومەر)، قەرزكردنی هەرێمی كوردستان لەوەی وڵاتانی جیهان جیاوازە، كە بە هۆیەوە تووشی قەیرانێكی گەورە دەبن، چونکە ئەوان بۆ یەكێك لە كەرتەكان قەرز دەكەن بە مەبەستی بەرزكردنەوەی كەرتەكە، بەڵام هەرێمی كوردستان لە وەبەرهێنان بەردەوامە بە تایبەتی كەرتی نەوت كە پێشبینیی باشی لێ دەكرێت.
دوای ئەوەی بەغدا ئابڵووقەی خستە سەر هەرێمی كوردستان، هەرێم تووشی قەیرانێكی دارایی گەورە بووەوە، زۆربەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانە لە كار وەستان، زۆرێک لە چاودێر و شارەزایانی بواری ئابوورییش باوەڕیان وایە کە، هەرێم ناچارە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان قەرز بكات.
شارەزا لە بواری ئابووری (د. دلێر حەقی شاوێس)، لە لێدوانێکدا بۆ KDP.info دەڵێ، "حکوومەت دوو ڕێگەی لە بەردەمە، یەكەم قەرزی داهاتە ناوخۆییەكان، ئەوی دیكە لە دەرەوەی وڵات كە بە قەرزكردن جا یان لەناوخۆ دەبێت یان لە دەرەوە، لە ناوخۆیش ئەوەندە نییە قەرزی لێ بكرێت، بۆیە ئەمە ناچارییە هەرێم پەنا دەباتە بەر قەرزی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمەیش دوو ڕەهەندی هەیە، یەكەم نەوەستاندنی وەبەرهێنان و بەردەوامیی پڕۆژەكان كە لایەنی باشن، لایەنی خراپیسی ئەوە كە چۆن قەرزەكە دەدەیتەوە".
ڕوونیشی كردەوە كە، "لە كوردستاندا ئەوەی هەمانە وەك سەرچاوەی دارایی نەوتە و ئەمەیش داهاتی سەرەكیی كوردستانە، لە كاتێكدا ئێمە ئەو قەرزە وەردەگرین، دەبێت پڕۆژە وەبەرهێنەرەكان بەردەوام بن، بەڵكو بتوانێت هاوبەشی بكات بۆ دانەوەی قەرزەكان، دەبێت ئەو پارەیەی لە داهاتی نەوت بە دەستی دەهێنین، تەنیا بۆ مووچە نەبێت و چاو بە دامەزراوەكاندا بخشێنرێتەوە، واتە ناكرێت داهاتە زیاد بێت و خەرجییەكانیش زیاد بكرێن".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، گرینگە هەرێمی كوردستان بزانێت مەرجی قەرزەكان چی دەبێت.
کارزان هەوارامی




