لەسەر راسپاردەی (مەسروور بارزانی)ـیە.. كاروانێكی دیكەی هاوكاری دەگەیەنرێتە پەنابەرانی چیای شنگال

هەولێر-KDP.info- لە درێژەی ناردنی خۆراك و پێداویستییەكان لە رێگای فرٍِۆكەوە بۆ پەنابەرانی چیای شنگال، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هاوكارییەكانیدا بۆ چیای شنگال (120) تۆن خواردن و كەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستیی منداڵان و خێوەتی بە سەركەوتوویی گەیاندە پەنابەرانی سەر چیاكە.
رۆژی 10/11/2014 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەرانی چیای شنگال، لە هەڵمەتێكدا لە رێگەی فڕۆكەوە كاروانی یەكەمی هاوكارییە ئامادەكراوەكانی دەزگا كە خۆی لە بڕی (120) تۆن خۆراك و پێداویستیی منداڵان و كەلوپەلی ناوماڵ و خێوەت دەبینییەوە، بەرەو چیای شنگال رەوانە كرا و بە سەركەوتوویی گەیشتووەتە دەست پەنابەرانی سەر چیاكە و ناردنی كۆمەكەكانی تریش لە رێگەی فڕۆكەی بارهەڵگرەوە بۆ سەر چیاكە بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە ناردنی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ پەنابەرانی سەر چیای شنگال، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) رایگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەكی خەڵكی شنگال روویان لە چیای شنگال كرد و پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی هەبوو، ئێمە وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی لە رۆژی یەكەمەوە هاوكاریمان گەیاندووەتە پەناخوازانی سەر چیای شنگال".
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر گوتی، "بە هۆی هاتنی وەرزی زستانەوە پەناخوازانی سەر چیای شنگال زیاتر پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە و ئێمەیش لە دەزگا بۆ دابینكردنی پێداویستی زستانە بۆ ئەو پەنابەرانە، ئەمڕۆ بە هەمان شێوە لەسەر راسپاردەی (مەسروور بارزانی) كاروانێكی دیكەی كەلوپەل و پێداویستیی ناوماڵ و پێداویستیی منداڵان و خێوەتمان رەوانەی پەنابەرانی سەر چیای شنگال كرد، خۆشبەختانە بە سەركەوتوویی هاوكارییەكان گەیشتنە دەست پەنابەرانی سەر چیاكە و ناردنی كۆمەكەكان بەردەوام دەبن تا سەرجەم كۆمەك و هاوكارییەكان دەگەیەنرێنە سەر چیاكە".
سەبارەت بە ناردنی هاوكارییەكان، (مووسا ئەحمەد) ئاماژەی دا، "ناردنی كۆمەك و هاوكاری لە رێگەی فڕۆكەوە بۆ سەر چیای شنگال كارێكی ئاسان نییە، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە مرۆییە، رێكخراو و لایەنی پەیوەندیدار هاوكار بوون و سوپاسیان دەكەین".
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی تاكە دەزگای خێرخوازی بووە بە بەردەوامی لە چەند مانگی رابردوودا لە رێگەی فڕۆكەی بارهەڵگرەوە هاوكاریی گەیاندووەتە سەر چیای شنگال و لەو ماوەیەدا بڕی (140) تۆن لە خواردن و ئاو و شیری منداڵان و خواردنی لەقوتوونراو و پیسكوێت و شەربەت و نانی گەیاندە ئاوارەكانی سەر چیای شنگال، هاوكات لە رێگەی وشكانیشەوە (11) كامیۆن كە پێك هاتبوو لە (40) تۆن خۆراك و پێداویستی و خێوەت، گەیەندراونەتە پەنابەرانی سەر چیاكە.




