دانیشتوانی هەندێ ناوچە گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان.. ئەمڕۆیش لە کۆبانێ گورزی کوشندە لە داعش وەشێندرا

کۆبانی-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی دەڵێت، شەڕ لە کۆبانی بەردەوامە و فرۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان، ئەمڕۆیش گورزی کوشندەیان لە داعش وەشاندووە و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون. گوتیشی، بە هۆی ئارامبوونەوەی ڕەوشی هەندی ناوچە، دانیشتوانەکەی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ لیوا(عەبدوڵقەھار مەجید) لە پێوەندیی تەلەفۆنیدا بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزەکانی یەپەگە و پێشمەرگە ھیچ ھێرشێکیان نەکردووە، بەڵام بە درێژایی رۆژ بۆردوومانی یەکتری دەکەن و، ئێستایش بۆردوومانی مۆڵگەکانی یەکدی درێژەی هەیە."
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە زیاتر گوتی،ھەر ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە، چەند گوندێکی لە رۆژئاوای کۆبانی بۆردوومان کردوون، بەڵام هێشتا زیانەکانی نەزانراون.
لیوا(عەبدوڵقەھار مەجید) ڕایشیگەیاند، "داعش ئەمڕۆ، بە مەبەستی هێرشکردنە سەر هێزی هاوبەشی کۆبانی، ھێزیان کۆ کردبووەوە، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکان بۆردوومانی کردن و پلانی هێرشەکەیانی پووچەڵ کردنەوە، هەر بە هۆی ئەو بۆردوومانەوە، لە سێ شوێنی ئامانجی بۆردوومانەکان، خانوویان بەسەردا رووخاوە و زیانی زۆر و کوژراویان ھەیە، بەڵام ژمارەیان نەزانراوە."
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی ئاماژەیشی دا کە، بە ھۆی باشتربوونی بارودۆخی هەندێ ناووچەی کۆبانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک خێزان کە پێشتر بە هۆی هێرشی داعشەوە ئاوارە ببوون، گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، کە زیاتر لە 15خێزان دەبن.
بڵند ئیبراھیم




