٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دیاری دەکرێن.. ھەر دوو کورسی لیژنەیەکی بەردەکەوێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆکی لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بەسەر لایەنەکاندا دابەش بکرێن کە ھەر دوو کورسی لیژنەیەکی بەردەکەوێت، روونیشی کردەوە، گفتوگۆکردن بۆ بەشداریکردنی لایەنەکانی دیکە لە پۆستەکانی پارێزگای ھەولێر بەردەوامە و، لەگەڵ گۆڕان گەییشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و لەگەڵ یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا گفتوگۆ دەکرێت و لەگەڵ پارتییە ئیسلامیەکانیش داواکاریەکانیان گەنگەشە دەکەن.

سەرۆکی لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێرێ(کەنعان خەسرۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "بڕیارە سبەی ئەنجوومەن کۆ ببێتەوە و تێدا لیژنەکان بەسەر لیستەکاندا دابەش بکرێن، کە ھەر دوو کورسی لیژنەیەکی بەردەکەوێت و لەمە ھیچ کێشەیەک نییە و ھەموو لایەنەکانیش بەشدارن."

(کەنعان خەسرۆ) گوتیشی، بۆ بەشداریکردنی لایەنەکان لە پۆستەکانی پارێزگا لەگەڵ گۆڕان لێکتێگەییشتنێکی باش ھەیە و، گەییشتوونەتە قۆناخی کۆتایی، چونکە ئەوان داواکارییەکانیان لە جێی خۆیدایە و، داوای قەزایەک و ناحیەک و بەرێوبەڕێکی گشتییان کردووە.
سەرۆکی لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر راشیگەیاند: "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن دەکات کە ئێمەیش ھەر سێ پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەیمان بەپێی یاسا یەکلا کردوونەتەوە، بۆیە ئامادە نین ئەو پۆستانە بە ھیچ لایەنێک بدەین، لەئێستادا ئەو پرسە لەسەر ئاستی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە وەکو لیست لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو پۆستانە بە ھیچ کەسێک بدرێن."

دەربارەی دانوستان و داواکارییەکانی لایەنەکانی دیکەیش گوتی، "لیستی خزمەت کە پارتییە ئیسلامییەکان لەخۆ دەگرێت، وەرەقەی داواکارییەکانی خۆیان پێشکەش کردووە و ئێمە گفتوگۆی لەسەر دەکەین، ھەر داواکارییەک مافی خۆیان بێت جێبەجێ دەکرێت و ھەر داواکارییەکیش زیاد لە قەبارەی ئەوان بێت رەتی دەکەینەوە."

(خەسرۆ) ئاماژەئشی دا، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ گەییشتن بە رێککەوتن و، دۆخی ئێستا و یەکلا نەکردنەوەی پۆستەکانی سلێمانییش کاریگەری خۆیان ھەبووە، "بەڵام ئەگەر ئەوان بەشداری بکەن، ئێمە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی ناکەین."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار