فواد حوسێن: کوردستان چاوەڕوانی هەنگاوی ئەرێنیی بەغدایە.. هەندێ بەڵێن دراون دەبێ جێبەجێ بکرێن

هەولێر- KDP.info- سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان(فواد حوسێن) جەختی کردەوە کە، دەرگاکانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا کراوەن، هەرێمی کوردستانیش بۆ چارەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، چاوەڕوانی هەنگاوی ئەرێنیی بەغدایە، تا دانوستان و گفتوگۆ دەست پێ بکەن. گوتیشی، ئەگەر پێویست بێ، هەولێر ئامادەیە هێزی پێشمەرگەی زیاتر بۆ کۆبانی ڕەوانە بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، (فواد حوسێن)، بە KDP.infoی ڕاگەیاند، "یەکینەکانی پاراستنی گەل لە کۆبانی، داوایان لە ئێمە کرد چەکیان بۆ بنێرین، تا ئەم ساتە ئەوان لەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی هەرێم(مەسعوود بارزانی) ڕازین بەوەی کە هێزێکی پێشمەرگەی بە چەکەوە ڕەوانەی کۆبانی کرد، ئەو هێزە ئێستا لە کۆبانین و بە شەڕکردن دژ بە تیرۆریستانی داعشدا بەشدارن، بەڵام هێشتا داوایان لێمان نەکردووەتەوە هێزی پێشمەرگەی زیاتریان بۆ ڕەوانە بکەین، بەڵام ئەگەر داوا بکەن، ئەوا هێزی زیاتر بۆ پشتیوانی کۆبانی ڕەوانە دەکەین."
دەربارەی پیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایش، (حوسێن) گوتی، "دەرگاکانی گفتوگۆ بە ڕووی بەغدادا کراوەن و دەیشبێت لە ڕێگەی دانوستانەوە، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا بگەینە ئەنجام، بەڵام بەر لە پێکهێنانی حکوومەت، حکوومەتی فیدراڵ هەندێ بەڵینی دان، کە بێگومان دەبێ جێبەجێ بکرێن، دانوستانیش دەست پێ دەکەنەوە و دەرگاکانی گفتوگۆیش لەگەڵ بەغدا کراوەن."
پێوەست بە هەڵوێست و مامەڵەی حکوومەتی فیدراڵیش بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕایگەیاند، "ئێمە بەشێکین لە حکوومەتی فیدراڵ، ئەگەر کوموکوڕیێکیش لە هەر شتێکدا هەبێت، ئەوا پێوەندی بە ئێمەوەیە و هاوکات ئەگەر شتی ئەرینییش هەبن هەر پێوەستە بە ئێمەوە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتیی مامەڵەی حکوومەتی فیدراڵ بکرێ، چونکە سەرەتایەتی، بۆیە دەبێ ئارام بگرین و چاوەڕێ بکەین تا ئەو کاتەی دەتوانین مامەڵە و ئەدای حکوومەتی فیدراڵ هەڵبسەنگێنین."
(فواد حوسێن) دەربارەی ئەگەری سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، گوتی، "حکوومەتی هەرێم نیازی سەردانکردنی بەغدای هەیە، بەڵام دیاریکردنی کات و پێکهاتەی شاندەکە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە، ئەمە پرسێکە وابەستەی هەندێ بابەتە و سەرەتا ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی ئەرێنیی بەغداین، دواتر شاندی حکوومەتی هەریمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات."
مەزیەت عەبدو - زریان زیاد




