سەرۆكایەتیی هەرێم: تەعریبی كوردستان لە سووریا، لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی (موعەلیم) دەستی پێ كردووە.. دەستیان لە پیلانگێڕیی دژ بە ئۆجەلاندا هەبووە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی قسەكانی وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سووریادا، ڕایدەگەیەنێت، (وەلید موعەلیم) ئەو كەسە نییە كارتی نیشتیمانپەروەری دابەش بكات. دەشپرسێت کە، نازانن(موعەلیم) لە بیری چووە یان لە بیر خۆی بردووەتەوە كە یەكەم سیاسەتی تەعریبی كوردستان لە سووریا، لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی (موعەلیم) دەستی پێ كردووە. دەربارەی قسەکانی لە باسی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکەدا، گوتەبێژی سەرۆکاتەیی دەڵێ، "(ئۆجەلان) لای ئەوان بوو، كەچی دەستیان لێی بەردا و دەریان كرد و بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا كرد كە لە دژی بەڕێوە چوو."
دەقی لێدوانێك لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی قسەكانی وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سووریا:
ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەم ڕۆژنامەی (الاخبار)ـی لوبنانی چاوپێكەوتنێكی وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سووریا(وەلید ئەلموعەلیم)ی بڵاو كردووەتەوە، كە تێیدا ناوبراو قسەی چەواشەكارانەی لەبارەی (سەرۆك بارزانی) و كۆبانی (كە ئەو بە عەینولعەرەب ناوی دەبات) كردووە. لە وەڵامی ئەم بۆچوونە نابەجێیانەیدا بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیەنین كە، خەڵكی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی كۆبانی باشتر لە هەموو كەس دەزانن كێ هاوكاریی كردوون و، (وەلید موعەلیم) ئەو كەسە نییە كارتی نیشتیمانپەروەری دابەش بكات. ناشزانین لە بیری چووە یان لە بیر خۆی بردووەتەوە كە یەكەم سیاسەتی تەعریبی كوردستان لە سووریا، لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی (موعەلیم) دەستی پێ كردووە.
(وەلید ئەلموعەلیم) لە چاوپێكەوتنەكەیدا ناوی بەڕێز (ئۆجەلان)یشی هێناوە. نازاندرێ بە چ ڕوویەك باسی (ئۆجەلان) دەكات؟ چونكە (ئۆجەلان) لای ئەوان بوو، كەچی دەستیان لێ بەردا و دەریان كرد و بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا كرد كە لە دژی بەڕێوە چوو. ئەگەر (موعەلیم) ڕاست دەكات و تۆسقاڵێك هەستی بەرانبەر كورد یان لایەنێكی كوردی هەبێت، با ڕاشكاوانە و بوێرانە دان بە هەبوونی گەلی كورد لە سووریا بنێت.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
9ـی 11ـی 2014




