لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای كۆبانی داعش لە پاشەكشەدایە

كۆبانی-تایبەت بە KDP.INFO- دوای ئەو زەبرە كوشندەیەی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە بە چەكی قورس و جۆراوجۆر لە تیرۆریستانی داعش درا، لە ئێستادا تیرۆریستان لە هەردوو قۆڵی رۆژهەڵات و رۆژئاوای كۆبانی لە پاشەكشەدان.
رۆژنامەنووس لە رۆژئاوای كوردستان (كوماس شەهبازی)، بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەل توانیویانە زەبرێكی كوشندە لە تیرۆریستانی داعش لە رۆژئاوای كۆبانی بدەن دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش نەیانتوانی خۆیان لە بەرانبەر هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەل بگرن، پاشەكشەیان كرد و لە دوای خۆیان چەند شوێنێكیان تەقاندنەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە گوتیشی، لە رۆژهەڵاتی كۆبانییش دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش ناچار كران دەوروبەری مزگەوتی حاجی رەسووڵ جێ بهێڵن، ئەو مزگەوتەیشیان تەقاندەوە.
(شەهبازی) زیاتر گوتی، شەوی رابردوویش لە هەڵمەتێكی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەلدا، كە بە كەڵكوەرگرتن لە چەكی قوس دەستیان پێ كرد، زەبرێكی كوشندەیان لە تیرۆریستانی داعش دا.
ئاماژەیشی دا كە، لە ئیستادا شەڕ لە باشووری رۆژهەڵاتی كۆبانی بەردەوایە.
نزیكەی دوو مانگە شەڕ لە نیوان شەڕڤانانی كورد و تیرۆریستانی داعش لە شاری كۆبانی بەردەوامیی هەیە و لەگەڵ گەییشتنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەو شارە، لە ئێستادا تیرۆریستانی داعش لە پاشەكشەدان و هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەلیش لە پێشڕەویكردن بەردەوامن.
نەشوان بەرزنجی




