٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەعفەر ئێمینكی: بڕیارە مێژووییەكەی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان بۆ ڕەوانەكردنی هێز بۆ كۆبانی، سەركەوتنێكی گەورەیە

سەرچاوە: KDP.info

بڕوكسل-KDP.info-  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان لە رێگەدان بە سەرۆكی هەرێم بۆ رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پشتیوانیی شەڕڤانانی یەپەگە لە كۆبانی، بڕیارێكی مێژوویی و سەركەوتنێكی گەورەی دیپلۆماسیی گەلی كوردستانە.


شاندی باڵای پەرلەمانی كوردستان كە لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) و سكرتێری پەرلەمان و ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان پێك هاتووە، بە یاوەریی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر خالید ئاژگەیی)،  سەردانی بارەگای فەرمیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانیان لە شاری بڕوكسل كرد و لەلایەن سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەمالی زادە) و سەرۆكی پارتیی ژیاندنەوەی ئازادیی كوردستان پژاك (حاجی ئەحمەدی) و رێڤەبەری كۆنسەی كۆما جڤاكێن كوردستان (زوبێر ئایدار) بە گەرمی پێشوازی كران.

لە دیدارێكدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) سڵاوی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی گەیاندە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و پوختەیەكی لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ بروكسل خستە روو. دواتر لە پێناو گەیاندنی دەنگی گەلی كوردستان بە بەرپرسە باڵاكانی یەكیەتیی ئەوروپا، راگەیاند كە، "پێكەوە لە كاری سیاسی و دیپلۆماسی بەردەوام دەبین بۆ باشتر گەیاندنی كێشەكەمان و سەرخستنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان".

دواتر هەوڵەكانی پەرلەمانی كوردستانی لە پێناو پاراستن و پەرەپێدانی یەكدەنگیی گەلی كوردستان و بە هاناوەچوونی كوردانی پارچەكانی دیكە خستە روو و گوتی، "ئەو بڕیارە مێژووییەی پەرلەمانی كوردستان لە رێگەدان بە سەرۆكی هەرێم بۆ رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پشتیوانیی شەڕڤانانی یەپەگە لە كۆبانێ، بڕیارێكی مێژوویی و سەركەوتنێكی گەورەی دیپلۆماسیی گەلی كوردستانە كە وەك ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆیی و بەرزكردنەوەی ئاستی سۆز و ورەی جەماوەری پارچەكانی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنێكی مێژوویی و بە گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیب، ئەم بڕیارەی بە تێكڕای دەنگی ئەندامان  پەسند كرد".

لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەمالی زادە)، بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و ئەوەی خستە روو كە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە 260 ئەندام پێك هاتووە و كۆبوونەوەی گشتی ئەنجام دەدەن و ئێستا بارودۆخی لەبار لەپێشە بۆ ئەوەی هەموو لایەك سوود لە كەموكورتییەكان وەربگرن و بەرەو پێشەوە هەنگاوی راستەقینە بۆ وەدیهێنانی ئامانج و خەونی گەورەی شەهیدانی و كەسوكاری قوربانیان بێننە دی.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بە گرنگ و پێویست زانرا هێزە كوردستانییەكان هەماهەنگیی تەواو بكەن بۆ بوونی هێزی پاراستنی هاوبەش و مەركەزییەت تاوەكو ستراتیژییەتی خۆی دیاری بكات و ئەو نزیكبوونەوەیەی ئەمڕۆ لە نێوان هەموو حزب و لایەنە سیاسی و جەماوەرییەكانی پارچەكانی كوردستان هاتووەتە كایەوە، بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرێ.
هەروەها جەخت لەوە كرایەوە كە، بارودۆخی زاتی و مەوزوعی دەخوازێ كورد ناوماڵی خۆی رێك بخا و یەك بگرێ و ئەو كارەساتانەی لە شنگال و كۆبانی رووبەرووی میللەتەكەمان بوونەوە، هەوێنی لێكنزیكبوونەوە و یەكبوونی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێت.
ئەندامانی پەرلەمانیش دواتر بیروڕاكانیان ئاڵوگۆڕ كرد و هیوایان خواست ئەو جۆرە سەردانانە دووبارە ببنەوە و هەمووان كار بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار