٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆڕێكی یاسای نێودەوڵەتی: هەرێم لە ناوچەكەدا تاكە هێزی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئیتاڵیا یەكەم بانگەوازی كوردی بۆ لێدانی داعش، بە یەكیەتیی ئەورووپا گەیاند و، هاوشانی فەڕەنسا، دوو لە خێراترین دەوڵەتی ئەورووپایی بوون كە، پاڵپشتیی پێشوەختەیان بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی، هاوكات پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی (د. چواس حەسەن)، رایدەگەیەنێت كە، هەرێم لە ئێستای ناوچەكەدا، تاكە هێزی سەرزەویی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتییە.


ئیتاڵیا بۆ كورد كلیلی كردنەوەی دەرگای ئەورووپا بوو
"ئێوەی گەلی كورد، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا تەنیا نین، جەنگی ئێوە، جەنگی ئێمەی ئیتاڵیاییشە، جەنگی یەكیەتییی ئەورووپایە، سەركەوتنی ئێوە، سەركەوتنی ئێمەیشە، هاوكارتان دەبین، لە رووی پێشكەشكردنی یارمەتیی مرۆیی و سەربازی، هاتووم بۆ ئەوەی پێوەندیی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستان، فراوانتر بكەم، بەنێوی گەلی ئیتاڵیا و یەكیەتیی ئەورووپایشەوە، سەردانی هەرێمم كردووە، هاتووم بانگهێشتی فەرمیی (سەرۆك بارزانی) بۆ وڵاتەكەیشم بكەم". ئەمە گوتەی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا (ماتێیۆ رێنزی) بوو، كە لە 20ـی ئاب، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن (سەرۆك بارزانی)ـیەوە پێشوازی لێ كرا و ئەم وشانەی لە میانەی دیدارەكەدا بە (سەرۆك بارزانی) گوت.
بەر لە هێرشی داعش، بۆ سەر مووسڵ، لە مانگی 7ـی ئەمساڵ، ئیتاڵیا سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی یەكیەتیی ئەورووپای لە یۆنان وەرگرتەوە. لە دەسپێكی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئیتاڵیا وڵاتانی یەكیەتیی ئەورووپای ئاگادار كردەوە و داوای لێ كردن، بە خێرایی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لە مەترسیی تیرۆر، بكەونە ڕێ، راوێژی بە بەریتانیا و فەڕەنسا كرد و بڕیاری یارمەتیدانی سەربازییان بۆ پێشمەرگە، راگەیاند. ئیتاڵیا یەكەم وڵاتی ئەورووپا بوو بۆ كورد، كە كلیلی كردنەوەی دەرگای ئەورووپایە.

ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، دەوڵەتی ئیتاڵیا، لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا رابردوویەكی پاكی هەیە. لە ئێستادا، چەندین سەربازی وڵاتەكەی، مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەكەن، هاوكات لە پڕچەككردنی پێشمەرگەیش هاوكاریی سەربازیی بۆ پێشمەرگە، دەربڕیوە.

پێوەست بە بایەخی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كورستان، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی (د. چواس حەسەن) بۆ KDP.info، گرینگیی پێگەی ئیتاڵیا، لە یەكیەتیی ئەورووپا و جیهان، شیی دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، "یەكیەتیی ئەورووپا، پۆڵێنی سەر سێ ئاست دەبێت، وڵاتە گەورەكان، ناوەند و بچووكەكان، ئیتاڵیا شانبەشانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا، وڵاتی گەورەی ئەورووپایین، پاشخانێكی گەورەی مێژوویی هەیە. لە سەردەمی دەوڵەتی رۆما، بنكەیەكی گەورەی سیاسی، ئابووری و سەربازیی ئەورووپا بووە. لە جەنگی دووەمی جیهانیشدا، بە هۆی پێگەی سەربازی،  ئابووری و سیاسییەوە، پێگەی بەهێزی لە جەنگەكەدا هەبوو. لە ئێستایشدا لەرووی ئابوورییەوە وڵاتێكی چالاكە، كورد ئەگەر بیەوی پێگەی خۆی لە نێو سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپا جێگیرتر بكات، پێویستی بە رەزامەندیی ئیتاڵیا و سەرجەم وڵاتانی دیكەی زلهێز هەیە. لە ماوەی رابردوودا بە رۆڵی دیپلۆماسییانەی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێم، ئەو پێوەندییە لەگەڵ ئەورووپا و ئیتاڵیا كارا بوو، ئەمەیش بە سەردان و دروستكردنی بەرژەوەندیی ئابووری و تێكەڵكردنی كولتووری، ئەنجامی هەبوو، لە داهاتوویشدا كاریگەریی زێتری دەبێت. كاتێ بەم دواییانە تیرۆر مەترسیی خستە سەر هەرێم، دوو دەوڵەت بە خێرایی هاتنە سەر هێڵ، بە مەبەستی پاراستنی هەرێمی كوردستان، ئەمانیش، ئیتاڵیا و فەڕەنسا بوون.

میدیاكانی جیهان، پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیان بە مافێكی سرووشتیی كورد زانیوە و، لە ئێستایشدا سیاسەتی هەرێمی كوردستان و پێگەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوین، بە بەهێز باس دەكرێت، پێوەست بە ئیتاڵیایش كە لە داهاتوودا پشتگیریی ئەو وڵاتە بۆ سەربەخۆیی هەرێم، گرینگی لەچ بوارێكدا دەبێت؟، (د. چواس حەسەن)، روونی دەكاتەوە كە، "بۆ هەنگاونانی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوردی، هەرێم پێشوەختە پێویستی بە رازیكردنی 5 دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی هەیە، (ئەمەریكا، بەریتانیا، ڕووسیا، چین و فەڕەنسا)، لەگەڵ ئەوەیشدا 8 دەوڵەتی دی كە بە ناوی گروپی هەشت ناسراون واتە هەشت هێزی سەرەكیی ئابووری،  تەكنۆلۆژی لە جیهاندا، ئیتاڵیا، ئەندامێكی بەهێزی ئەو گرووپەیە. ئیتاڵیا، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی نییە، بەڵام یەكێكە لە وڵاتانەی رۆڵ و پێگەی گەورەی لە رووی سەربازی، ئابووری و سیاسی، لە جیهاندا هەیە. دروستكردنی هەر دۆستێك بۆ كورد، گرینگە، بە تایبەت لە ئاست ئیتاڵیادا كە، هەمیشە پێگەیەكی ستراتیژی و سیاسیی بەهێزی لە دنیادا هەیە".


بۆچی ئیتاڵیا و وڵاتانی جیهان دۆستی كوردن؟
پسۆڕی یاسای نێودەوڵەتی (د. چواس حەسەن)، بۆچوونی وایە، هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لەسەر سێ ئەركی سەرەكی كاری كردووە كە، هۆكارێكن بۆ بەهێزیی پێگەی هەرێم، لە ئەورووپا و جیهاندا، سێ ئاستەكەیش بریتین لە، "یەكەم: دۆزینەوەی نەوت، هەناردەی نەوت و گازی هەرێم، كە لە تۆڕی نێودەوڵەتیی وزە هەرێم جێگەی خۆی كردووەتەوە. لەلایەن ئەورووپاییشەوە، بە بایەخەوە لەو خاڵە دەڕوانرێ، چونكە پێویستیی زۆریان بە نەوت و گاز هەیە و، لە سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمیش رازین.
دووەم: ئاوارەیەكی زۆری كریستیان و عەرەب، لە هەرێم گل دراونەتەوە و پارێزراون و بێ كێشەن، كە ژمارەیان نزیكەی 2 ملیۆن دەبێ، ئەگەر هەرێم، ئەم رۆڵەی نەدیبا، روویان لە وڵاتانی  دەوروبەر دەكرد و لەوێیشەوە دەچوونە ئەورووپا و كێشەی زۆریان دروست دەكرد، ئەمەیش بۆ ئەورووپا خاڵێكی دیكەی گرینگە.
سێیەم: هەرێمی كوردستان تاكە هێزی سەرزەویی باوەڕپێكراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، كە بۆ لەنێوبردنی تیرۆریستانی داعش، هەماهەنگیی ئاسمانی لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە و، ئەو ستراتیژییەتەی پێڕۆ كردووە كە، هاوپەیمانان بۆ لە نێوبردنی تیرۆر دایانڕشتووە، ئەمە تەنیا لە توانای كورددایە، چونكە نە شیعە و نە سوننەیش لای هاوپەیمانان وەك كورد، هێزێكی باوەڕپێكراو نین، كە جێگەی بایەخی ئەوان بن. بۆیە سەرۆكی ئیتاڵیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەمەریكا، هەر وڵاتێكی دی، كاتێ پێوەست بە كورد قسە دەكات و پێگەی كورد بەرز دەنرخێنێت، بەلای هەرێم، وشەكانیان غەریب نین، چونكە لە رۆژهەڵاتی ناویندا وەك ئەو سێ خاڵەی شیم كردەوە، هێزەكانی دی، ئەو توانایەیان نییە، یان ناتوانن، یان ئەو پێگەیەیان نییە، یان نایانەوێ بەو ئەركە هەڵسن. بۆیە ئیتاڵیا و، وڵاتانی گەورەی دیكەی ئەورووپا و جیهان، دۆستی هەرێمن".

 


پاشخان
بیرۆكەی دامەزراندنی یەكیەتیی ئەورووپا، بۆ ساڵی 1957-1951 دەگەڕێتەوە، هەروەها لە ساڵی 1992 ناوی لێ نرا یەكیەتیی ئەورووپا. 28 وڵاتی ئەورووپا ئەندامی یەكیەتییەكەن، دواوڵاتیش كرواتیا بوو، لە ساڵی 2003 لەو یەكیەتییەدا وەرگیراوە. ئیتاڵیا كە لە مانگی 7ـی ئەمساڵەوە، تا كۆتای ساڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكیەتیی ئەورووپایە، 11 جار لە مێژووی دروستبوونی ئەو یەكیەتییەوە، ئەو پۆستەی پێ دراوە و بۆ هەر شەش مانگ جارێك وڵاتێك سەرۆكایەتی دەكات.
گرووپی هەشت، بریتییە لە هەریەك لە وڵاتانی (ئیتاڵیا، ئەمەریكا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا، كەنەدا، ژاپۆن) لەرووی ئابووری، پیشەسازی و سەربازی، بە گەورەترین وڵاتانی جیهان ناسراون.
ئیتاڵیا، كۆنسووڵگەریی لە هەولێر هەیە و چەندین كۆمپانیای ئەو وڵاتەیش لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان دەكەن. هاوكات، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، نوێنەرایەتیی لە وڵاتی ئیتاڵیا هەیە.


شاو كوردی

هەواڵی پەیوەندیدار